سهرلهبهیانى ئەمڕۆ سێشەممە 2022.4.19، لەژێرچاودێرى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لهڕێورهسمێكدا، بهگوژمهى (14,412,731,544) چواردە ملیار و چوارسەد و دوازدە ملیۆن و حەفت سەد و سی و یەک هەزار پێنج سەد و چل و چوار دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەی بازاڕی سپی لەهەولێر دانا، کە بازاڕێکی هاوچهرخە و لەبڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست دهکرێت و پڕۆژەکە لهلایهن كۆمپانیایى (باغى بێسان) جێبهجێدهكرێت و ماوهى تهواوكردنى پڕۆژهكهش (450) ڕۆژه.
لهڕێو رهسمهكهدا، كه ههریهك له ئەحمەد کانى، بەرپرسى لقى2ى پارتى دیموکراتى کوردستان و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هێمن قادر و مهسعود كاڕهش، جێگرانى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و ئەکرم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و ژمارهیهكى دیكه له بهرپرسانی ئیدارى ئامادهی بوون، پارێزگارى ههولێر ڕایگەیاند: "ئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە لەژێر فەرمانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بۆ پشتیکریکردن و زەمینە خۆشکردن بۆ کارى کاسبکارانى هەولێر و دیارییەکى حکومەتى هەرێمە بۆ ئەوان کە بە نەخشە و دیزاین و شێوە و شێوازێکی سەردەمیانە لە بڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست دهکرێت".
پارێزگارى هەولێر هەروەها وتى: "بازاڕى سیم کە بازاڕێکى تەجاوزە و لەژێر تۆڕى پاڵپەستۆى بەرزى کارەبا دروستکراوە و چەند جارێک دووچارى سووتان هات، لەدواین جار کە سوتا لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم بەڵێن بە کاسبکارانى ئەو بازاڕە درا ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر دەکات، بۆیە بەناوى کاسبکارانى ئەو بازاڕە زۆر سوپاسى ڕیزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین کە ئەگەر هەوڵ و جدیەتى جەنابیان نەبوایە ئەو پڕۆژەیە لەوکات و ساتەدا جێبەجێ نەدەبوو. پیرۆزبایش لەکاسبکارانى ئەو بازاڕە دەکەین کە ئەو بەڵێنەى پێیان درابوو جێبەجێ بوو".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.