یانەی ڕیال مەدریدی پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ئیسپانیا درێژەی بە ئەنجامە باشەكانی داو لە هەفتەی سیی و سێیەمی خولەكەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی ئۆساسۆنای میوانداری بردەوە.
لە خولەكی دوازدەدا، داڤید ئالابای نەمسایی گۆڵێكی بۆ ڕیال تۆماركرد، هێندەی نەبردو خولەكێك دواتر، هێرشبەری كڕواتی، ئانتێ بودیمیر گۆڵی بەرامبەری ئۆساسۆنای بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
پاشان یاریزان ماركۆ ئەسێنسیۆ گۆڵی دووەمی ڕیالی لە خولەكی چلوپێنج تۆماركردو میوانەكانی لە گێمی یەكەم بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك پێشخست.
لە گێمی دووەمیش ناوبژیوان دوو لێدانی سزای لەسەریەكی بۆ یانەی شاهانە هەژماركرد، بەڵام لە جێبەجێ كردنی هەردوو لێدانەكەدا كەریم بێنزیمای فەڕەنسی نەیتوانی گۆڵ تۆماربكات و سێرجیۆ هێرێرای گۆڵپارێزی ئۆساسۆنا هەردوو لێدانەكەی بێنزیمای لە خولەكەكانی پەنجاودوو و پەنجاونۆ گەڕاندەوە، لە دواساتەكانی یاریشدا، لوكاس ڤازكێز گۆڵی سێیەمی ڕیالی تۆماركرد.
بەم بردنەوەش ڕیال مەدرید هەنگاوێكی دیكە لە مسۆگەركردنی نازناوی لالیگا نزیك بووەوەو كۆی خاڵەكانی لە سەرووی لیستی ڕیزبەندی یانەكان گەیاندە حەفتاوهەشت خاڵ، ئۆساسۆناش بە چلوچوار خاڵ لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەند دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.