Erbil 38°C پێنجشەممە 12 شوبات 00:52

سەرکردەیەکی سوننەکان: ڕای سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و پێكهێنانی حكوومه‌ت

کوردستان TV
100%


سەرکردەیەکی سوننەکان رایده‌گه‌ێنێت، پەیامی سەرۆک بارزانی گرنگیەکی یەکجار زۆری ھەیە و پێویستە لایەنەکان بەھەندی وەربگرن، چونکە ئەو پەیامە دەبێتە ھۆی ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە ناوخۆدا لایەنەکان بڕیار بدەن و کاریگەری دەرەوەیان لەسەر نەبێت ئەوکات دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە ڕای سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ و ستراتیژییە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن و حکوومەتی تازەی عێراق پێکبێت.

سەرۆک بارزانی لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق لە ھەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە، ھەر کاتێک لایەنە سیاسییەکان خۆیان لەوەدا یەکلا کردەوە کە ئیرادەیان سەربەخۆ بێت لە بڕیارە نیشتمانیەکاندا، ئەودەم تەنگژە نامێنێ و داخرانی سیاسی کۆتای پێدێ، لەمبارەیەوە سیاسەتمەداری عێراق و سەرکردەی سوننەکان، دکتۆر عەلا مەکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەرۆک بارزانی گەورەترین سەرکردەی عێراقە و کاریگەری زۆری لە ھەموو عێراق ھەیە، بۆیە ھەر پەیامێکی ھەبێت پێویستە ھەموو لایەنەکان سودی لێ وەرگرن و بەھەندی وەربگرن، چونکە ھەمیشە سەرۆک بارزانی چارەسەری کێشەکانی عێراقی کردووە و ڕۆڵێکی باڵای ھەیە لە عێراق.

دکتۆر عەلا مەکی گوتیشی: بنەماڵەی بارزانی لەسەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و دوایش سەرۆک مەسعود بارزانی ھەمیشە ڕۆڵێکی باڵایان ھەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و ئێستاش سەرۆک بارزانی ھەمیشە کاری کردووە بۆ ئەوەی کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێت، بۆیە لەدوای 2003وە ئەوەی بە ڕاستی سیاسەتی کردووە سەرۆک بارزانی بووە، بۆیە بارزانی ھەر ڕایەکی ھەبێت ڕای ھەموو عێراقیەکانە و ڕایەکی ستراتیژیە، چونکە گرنگە ئێمە سەربەخۆ بین لە بڕیاردان و دوور لە کاریگەری دەرەکی، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ و سەرکەوتووە، پێویستە لایەنەکان ئەمە بەھەند وەرگرن و سودی لێ ببین.

مەکی باسی لەوەشکردووه‌: وڵاتان گەورەبن یاخود وڵاتانی دیکە بن ڕێز لە عێراق دەگرن و پێویستیان بە عێراق ھەیە، چونکە عێراق سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوورییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، لە ڕووی نەوت یاخود غاز یاخود ئاو یان کشتوکاڵ، بۆیە ئەو ڕایەی سەرۆک بارزانی گرنگە و پێویستە ھەموو لایەنەکان بەھەندی وەربگرن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوخۆیاندا بڕیاربدەن و بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق و ئەو کێشانەی ھەن چارەسەر بکەن، چونکە دۆخی سیاسی عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بە دۆخی ئابووریش بدەین کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە، چونکە بەرژەوەندی عێراق لە سەقامگیریدایە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.