دوای سەردانێکی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی گەیشتەوە هەولێر.
دوای سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر.
سەرۆکی حکوومەت لە سەردانەکەیدا بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن بۆریس جۆنسن سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، پەروەردە و وزە و بازرگانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی بەریتانیا پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها لە ئەنستیتیوتی بەناوبانگی بەریتانی چاتهام هاوس لە لەندەن گوتارێکی پێشکەش کرد و بەشداری گفتوگۆیەک بوو دەربارەی پرۆسەی سیاسی و بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچە کە چەندین دیپلۆمات و لێکۆڵەر و نووسەر و کەسایەتیی ناسراوی بەریتانی بەشداربوون .
هەر لە لەندەن هەردوو سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا تۆنی بلێر و جۆن مێجەر، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا محەمەد جەعفەر سەدر سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.