Erbil 38°C یەکشەممە 01 ئازار 01:10

ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند "جەودەت شاكر" تێپەڕ دەبێت

کوردستان TV
100%

 ئەمڕۆ یەك شەممە24-4-2022 ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند "جەودەت شاكر" تێپەر دەبێت.

هونەرمەند جەودەت شاكر عەلی لە (21.10.1946) لە هەولێر لەدایك بووە. دەرچووی خانەی مامۆستایانە لە (1964- 1965)ـدا، دەرچووی خولی موزیكی مەركەزییە لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی بەغدا لە (1975)ـدا. یەكەم بەشداربووی موزیك و ئامێری كەمان بوو لە خانەی مامۆستایان لە سەر شانۆیی هۆڵی گەل لە (1962)ـدا. بە سەرپەرشتیی مامۆستا (چاوەدین نووری قەساب).
جەودەت شاكر بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی تیپی موزیكی شۆڕش دادەنرێت لە شاخ ئەندامی تیپی موزیكی خانەی مامۆستایانی هەولێر بووە لە (1962-1965)ـدا. ئەندامی تیپی موزیكی چالاكیی قوتابخانەكان بووە لە (1965- 1982)ـدا. ئەندامی تیپی موزیكی سەندیكای مامۆستایان بووە لە (1968-1991)ـدا. ئەندامی تیپی موزیكی هونەریی هەولێر بووە و بەشداری گشت چالاكیەكانی ئەو تیپەی كردوە لە (1970-1991)ـدا.
ئەندامی تیپیی موزیكی هونەرە میللیەكان بووە لە (1979-2005)ـدا. ئەندامی دەستەی كارگێری تیپی هونەریی هەولێر بووە (1975-1991)، ئەندامی كارگێڕیی دەستەی ئۆركسترای كوردستان بووە لە (1997- 24.4.2021)ـدا.
ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی عیراق بووەو، ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بووە. لە بەرێوەبەرایەتی هونەری موزیكی هەولێر وەك بەرپرسی هونەری بەشداری تەواوی چالاكیەكانی كردووە .
خەڵاتی یەكەمین كەمان ژەنی لەسەر ئاستی عێراق وەرگرتووە لە (1979) .
لەگەڵ چالاكی قوتابخانەكان ئاوازی دوو تابلۆی هونەری میللی داناوە بەناوەكانی (هۆ شوانە، سنجانێ).
چەندین ئاوازی بۆ گۆرانیبێژان داناوە، هەندێكیان لە كۆمپانیای بابلی عێراقی تۆماری كردوە، لە (23) بەرنامەی تەلەفزیۆنی بەشداری كردوەو، پەنجا ئاوازی بۆ هونەرمەندانی توركمانی ئامادەكردوە.
لەگەڵ تیپی هونەرە میللیەكان چەندین گەشتی بۆ دەرەوەی ووڵات ئەنجامداوە و چالاكی پێشكەش كردوە لەوانە بۆ (ئەڵمانیای رۆژئاوا لە 1981،ئەڵمانیای رۆژهەڵات 1981،یەكێتی سۆڤیەت 1982،نەمسا 1982،لە فەرەنسا و سویسرا بەشداری فیستیفاڵی هونەری كردوە لە 2005، لە ئەڵمانیا بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی كردوە لە 2005)
جەودەت شاكر لە تەمەنی هونەریدا چەندین خولی فێربوونی موزیكی كردۆتەوە بۆ منداڵان و لاوان و گەنجان لە هەولێر.
جەودەت شاكر لە شاری هەولێر خزمەتێكی زۆری بە كۆرو مەجلیسی شەوانە و ئەكلەنجە و دانیشتنی هەولێریەكان كردوەو، لەو بوارەدا بە پێشەنگێكی مەزنی هونەری ناوخەڵك دادەنریت.
شایانی باسە ئێوارەی رۆژی 24.4.2021 هونەرمەند جەودەت شاكرعەلی بۆ یەكجارەكی چاوەكانی لێك نا و بەجێی هێشتبین، جەودەت شاكر زیاتر لە پەنجا ساڵ خزمەتی گۆرانی و موزیكی كردوە و خەرمانێكی پڕ بەرەكەتی هەبووە. موزیك و ئاوازی بۆ زۆرێك لە هونەرمەندان داناوە و، وەك موزیك ژەنێكیش بەشداریەكی فراوان و بەرچاوی ژەنینی لە چالاكیە هونەریەكاندا كردووە و لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندە ناسراوەكان موزیكی ژەنیوە لەوانە ( تاهیر تۆفیق، فوئاد ئەحمەد، قادر زیرەك، جەلال سەعید، تەحسین تەها، مشكۆ، هابە، مەحەمەد ئەربیلی...هتد).
ئا- كامران
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.