ڕۆژانە 665,000 م3 ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر دابین دەكرێت
.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەبارەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر، دەڵێ: لە ڕێگەی پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز1و2و3 و هەروەها زیاتر لە 1200 بیری ئاو لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان، ڕۆژانە (665,000م٣) ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی نێو شاری هەولێر بەرهەم دێت و دابەش دەكرێت. جگە لە ئاوی دەوروبەری هەولێر.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر تەرخان كرد، دواتر بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر لێدانی 138 بیری ئاو و دروستكردنی لیژنەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكانی ئاو لە شاری هەولێر درا.
سەبارەت بە لێدانی ئەو بیرانە لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر گوتی: بڕیار لەسەر 138 بیری ئاو دراوە، لەو ژمارەیە 104 بیریان بۆ نێو شاری هەولێرن، هەروەها 34 بیریش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێرن، كە 70%ی بیرەكان بیری بەدیلن بۆ ئەو شوێنانەی ئاویان وشكی كردووە یان دابەزیوە، 30%ی بیرەكانی دیكەش بیری نوێن بۆ گەڕەكە نوێكان و گەڕەكە فراوانبووەكان لێ دەدرێن.
لەبارەی كاریگەری ئەو بیرە بەدیل و نوێیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێردا، زەردەشت سەرسام، گوتیشی: لێدانی ئەم بیرانە دەبێتە هۆی چارەسەری بەشێكی زۆری گرفتی كەمئاوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر و گرفتەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكات و بڕی بەرهەمهێنانی ئاویش لە هەولێر و دەوروبەری زیاد دەكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.