Erbil 38°C شەممە 28 شوبات 17:52

داخوازی و گرفتی ئەو هاوبەشانەی پێوەری ئاویان نەبەستبوو چارەسەر كرا

کوردستان TV
100%

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە داخوازی و گرفتی ئەو هاوبەشانەی پێوەری ئاویان نەبەستبوو چارەسەر كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بۆ ئەو هاوبەشانەی لە دەرەوەی شارەكانن و پێوەریان نەبەستاوە، نرخی كرێی ئاو لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار بە ڕێژەی 90% داشكاندنیان بۆ دەكەین و ئەوانەی ناو شارەكانیش لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار كەم دەكرێتەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین بە خێرایی بچن پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی لەم بڕیارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت سوودمەند بن.

ڕاشیگەیاند: بۆ شوێنە بازرگانییەكان و كاسبكاران و پیشەوەران، كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە 200 هەزار دینارەوە بە ڕێژەی 40% كەمكراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا کە زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشی ئاو تاوەکوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، ئێستا دەرفەتێكی لەبارە بۆیە ڕوو لە هاووڵاتییان دەكەین كە ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و بچن ئەو كرێی ئاوە بدەن و پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی سوودەمەند بن لەبارەی گرنگیی بڕیارەكەش گوتی: ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەكە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە داواكارییەكانی هاووڵاتییان بەهەند وەردەگرێت و لە خزمەتیاندا دەبێت.

ڕوونیشی کردەوە کە فەرمانگەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە ڕێگەی ئەو پرۆژانەی هەیانە كە زیاتر لە 81 پرۆژەن و زیاتر لە 5 هەزار بیری ئاویش هەیە، ڕۆژانە بڕی ئاوی خواردنەوە بە بڕی دوو ملیۆن و زیاتر لە 684 مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەك ئاویش لەسەر حكوومەت 335 دینار دەكەوێت.

جەختیشی کردەوە کە بەرهەمهێنانی ئاو یەكێكە لە پێشینەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كاری جیدی بۆ كردووە و هەر شار و شارۆچكەیەكیش پێویستی بە پرۆژەی ئاو هەبووبێت، حكوومەت بڕیاری باشی بۆ دەدات و كاری لەسەر كردووە، دوا بڕیاریش پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بوو كە لە ماوەی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، چونكە هاووڵاتییان چەقی بایەخپێدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، لە هەر كوێ داخوازییەكیان هەبووبێت بەهەند وەردەگیرێت و ئەم بڕیارەی ئێستاش دەچێتە خانەی بایەخپێدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە هاووڵاتییان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.