وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمشەو دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی پارێزگای هەولێری گرتۆتەوە تیمەكانی شارەوانی لە ئامادەباشی تەواودان و لەسەر شەقامەكانی هەولێردا چاودێری دۆخەكە دەكەن.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لافاو لەنێو شارەكەدا بەهۆی ئەوەی ئەمشەو بارانێكی بەخوڕ شاری هەولێری گرتەوە، ئیستا تیمەكانی شارەوانیی هەولێر لە تەواوی شارەكەدا لە ئامادەباشیدان و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكان پاک دەكەنەوە و هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لەمبارەیەوە هەروەها ڕایگەیاند: ئێستا تیمەكانی شارەوانیی هەولێر لە هەموو ئەو شوێنانەی مەترسیی ڕوودانی كۆبوونەوەی ئاویان لێ دەكرێت ئامادەن و هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر داواش لە هاووڵاتییان دەكات لەهەر ڕووداوێكی كۆبوونەوەی ئاودا تیمەكانی شارەوانی ئاگادار بكەنەوە و بەزووترین كات هاوكاریان پێشكەش دەكرێت، هەروەها دەشڵێت: ئێستا تیمەكان بە هەموو شێوەیەک چاودێری دۆخەكە دەكەن و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەر ئەگەرێكی كۆبوونەوەی ئاوی باراناو لە گەڕەک و شەقامەكاندا.
جێی باسە بەهۆی بارانی بەخوڕی ئەمشەوەوە لە چەندین گەڕەکی شاری هەولێر ئاو کۆبووەتەوە، تیمەکانی شارەوانی دڵنیایی دەدەن بە هاووڵاتییان کە لە ئامادەباشی تەواودان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.