بارەگای بارزانی لە پەیامێکدا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە ڕێبەری ڕەوتی سەدر وەڵامی پەیوەندییەکانی سەرۆک بارزانی ناداتەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەی بارەگای بارزانی هاتووە "لە ژمارەیەک میدیای عێراقی و كوردستانی هەواڵێكی ناڕاست بڵاو كراوەتەوە كە گوایە سەید موقتەدا سەدر وەڵامی پەیوەندییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی ناداتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لێرەدا بۆ ڕای گشتیی عێراق و كوردستان ڕوونی دەكەینەوە كە ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی. لەنێوان سەرۆک بارزانی و سەید موقتەدا سەدر ئەوپەڕی ڕێزگرتن و متمانە و پەیوەندیی زۆر باش هەیە. ئەوانەشی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بڵاو دەكەنەوە ئامانجیان داپۆشینی شكست و دواكەوتنیانە لە پڕۆسەی سیاسی."
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیەكیش بۆ كەمبوونی جموجۆڵی سیاسی هەبووبێت ئەوە لەبەر ڕەچاوكردنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بووە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.