Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 16:27

سوپای ئەمریکا لە ئەڵمانیا دەستی بە مەشقپێکردنی سەربازانی ئۆکراینا کرد

کوردستان TV
100%


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، جۆن کیربی، ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا مەشقی چۆنییەتی بەکارهێنانی رادار و تۆپهاوێژ و چەند مەشقێکی دیکە بە یەکەکانی ئۆکراینا، دەکات.

جۆن کیربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ مەشقپێکردنی سەربازانی ئۆکراینا لەلایەن ئەمریکاوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستی پێ کرد.

گوتەبێژەکەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشدا کە مەشقەکان بە هەماهەنگیی ئەڵمانیا و فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفریقا و ئەورووپا بەڕێوەدەچن. گرووپێک سەربازیی ئەمریکی کە لە 160 سەرباز پێکهاتوون و بەر لە دەستپێکی جەنگ لە ئۆکراینا کشاونەوە، سەرپەرشتی مەشقەکان دەکەن.

ناوبراو، باسی لەوەش کرد کە ئەم مەشقانە لە کاتێکدان کە شەڕ لە هەرێمی دونباسی ئۆکراینا، چڕ بووەتەوە و ماوەیەکی کەمیشە ئەمریکا سیستمی رادار و تۆپهاوێژی بۆ ئۆکراینا دابین کردووە، گوتیشی: ئەم سیستمانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی خۆڕاگریی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دژبە رووسیا.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی تێڕوانینیان بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: باس لە لایەنی دەروونی ڤلادیمیر پوتین ناکەم. بەڵام سەختە هیچ کەسێکی خاوەن رەوشت پشتیوانی لەو کارانە بکات کە سوپای پوتین لە ئۆکراینا کردوویانە. ئەستەمە بەتەماشاکردنی چەند وێنەیەک وا بیر بکرێتەوە کە بەباشی بیری کردووەتەوە. چونکە سەرکردەی پێگەیشتوو کاری لەو شێوەیە ناکات. هەربۆیە لەبارەی باری دەروونییەوە هیچ ناڵێم بەڵام پێموایە هەموومان دەتوانین لەبارەی بێڕەوشتی ئەوەوە بدوێین.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.