Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 16:20

بوونەوەرە دەریاییەكان لەژێر گەورەترین هەڕەشەی لەناوچووندان

بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوە
کوردستان TV
100%

زانایان هۆشداریی دەدەن لەوەی بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوە ژیانی بوونەوەرە دەریاییەكان لەژێر گەورەترین هەڕەشەی لەناوچووندایە.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (The Guardian) زانایان هۆشدارییان داوە لەوەی بەهۆی كاریگەرییەكانی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاو و هەواوە "كارەساتی گەورە بەڕێوەیە" كە رەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی لە سەدا 97ی جۆری بوونەوەرە دەریاییەكان.
زانایان هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن رەنگە گەرمبوونی گۆی زەوی گۆڕانكارییەكی گەورەی زەریاكان بەدوای خۆیدا بهێنێنت و هاوشێوەی ئەو كارەساتەی پێش 250 ملیۆن ساڵ روویداوە هەڕەشەی جیددی لەسەر لەناوچوونی بوونەوەرە دەریاییەكان دروست ببێت.
لە ئەنجامی توێژینەوەكاندا زانایان بۆیان دەركەوتووە زەریاكان كە نزیكەی لە سەدا 80ی ئۆكسجینی جیهان بەرهەمدەهێنن، بەهۆی گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوون و كاریگەری راوكردنی لەرادەبەدەر، بوونەوەرە ئاوییەكان لەناو دەچن و ئۆكسجینی جیهانیش لە مەترسیدایە.
هەروەها ئەوەش ئاشكرا كراوە رێژەی لەناوچوونی ئۆكسجین لە زەریاكاندا لە ساڵی 1960ەوە تا ئێستا چوار هێندە زیادی كردووە كە بە هۆیەوە ژیانی بوونەوەرە دەریاییەكان كەوتووەتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون.
زانایان بانگەشەی ئەوە دەكەن تەنانەت لە ئەگەری پابەندبوون سەركردەكان بەو پەیماننامانەی لەبارەی ئاو و هەواوە واژوو كراوە، تاوەكو كۆتایی ئەم سەدەیە نزیكەی لەسەدا چواری دوو ملیۆن جۆر لە بوونەوەرە ئاوییەكان لەناو دەچن.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن بەهۆی زیادبوونی ترشێتیی ئاوی دەریاكانەوە زیندەرەوانی دەریایی وەكو رۆبیان و گوێچكەماسی و هاوشێوەكانیان ناتوانن بەپێی پێویست قاوغ دروست بكەن.لەكاتێكدا گەرمبوونی گۆی زەوی، گۆڕانی ئاو و هەوا، پیسبوون و كاریگەری راوكردنی لە رادەبەدەر لە زیابووندایە، بە گوێرەی زانیارییەكانی یەكێتیی پاراستنی سرووشتی جیهان لە ئێستادا لە سەدا 10-15ی جۆرەكانی بوونەوەرە دەریاییەكان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.