بەپێی نوێترین ئامار، ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە ئاوارەبوون، بۆ زیاتر لە 633 خێزان بەرزبووەوە.
پیر دەیان بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: تاوەکو کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی گرژییەکانی نیوان سوپای عێراق و پەکەکە دەربەدەربوون گەیشتووەتە زیاتر لە 633 خێزان و ئەو ژمارەیەش ڕوو لە بەرزبوونەوەیە.
پیر دەیان لە لێدوانەکەدا ڕاشیگەیاند: داوا دەکەین بەزووترین کات ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە جێبەجێ بکرێت.
جەختیشی کردەوە کە بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و دەزگای خێرخوازی بارزانی ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لەو هاووڵاتییانە.
هەروەها ئاشتی کۆچەر بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: چەکدارانی پەکەکە بەهەمانشێوەی تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ بوونە هۆکاری دەربەدەربوونی خەڵکی شنگال.
ئاماژەی بەوەش دا کە "بۆ ماوەی 7 ساڵە چەکدارانی پەکەکە و بەشێکی حەشدی شەعبی ڕێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە."
دوای ئەوەی لە ناوچەکانی سنوونێ چەکدارانی پەکەکە ڕەتیان کردەوە لە چەند بازگەیەک بکشێنەوە، گرژی لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە دروستبوو، تاوەکوو ئێستاش شەڕ و پێکدادان بەردەوامە، بەهۆیەوە سەدان خێزان و هەزاران هاووڵاتی دەربەدەربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.