Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 00:24

ئێران .. 3 چاڵاكوانی كورد به‌ 27 مانگ زیندانيكردنيان سزادران

کوردستان TV
100%

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، سێ چاڵاکوانی مەدەنی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی میقداد حەسەن نەژاد، محەممەد سەلیمی و زەمانە زێویە کە زستانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستەبسەر کرابوو، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت» سەرجەم سزای 27 مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

هه‌نگاو راشیگه‌یاندووه‌، بەگوێرەی ئەو سزایە کە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە، محەممەد سەلیمی سزای11 مانگن بەندکران، میقداد حەسەن نەژاد سزای 6 مانگ بەندکران و زەمانە زێویە سزای 10 مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

جێگای ئاماژەیە کە کاوە ڕەشید زادە شووی زەمانە زێویە یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە بووە کە ناوبراو لەو تۆمەتانە بێبەری کراوە.

هه‌نگاو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەم سێ چالاکە مەدەنییەی خەڵکی سەقز مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران و میقداد حەسەن نەژاد تەمەن 27 ساڵ و زەمانە زێویە تەمەن 29 ساڵ پاش مانگێک دەستبەسەر کران و محەممەد سەلیمی تەمەن 28 ساڵ پاش دوو مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی 300 ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ راشیگه‌یاندووه‌، پێویست بە ئاماژە پێکردنە کە ئەم سێ کەسە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.