Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 12:22

یەکێتیی ئەورووپا: رووسیا دەستدرێژی سێکسی وەک چەکێک لە ئۆکراینا بەکاردەهێنێت

کوردستان TV
100%


کۆمیسەری کاروباری ناوخۆی یەکێتیی ئەورووپا، ئیڵڤا یۆهانسۆن بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووسیا لە ئۆکراینا، دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان وەک چەکێك بەکاردەهێنێت و بەڵگەشیان لەبەردەستدایە کە تەمەنی قوربانییانی ئەم دەستدرێژییانە لەنێوان 10-78 ساڵدا بووە.

ئیڵڤا یۆهانسۆن لە دانیشتنێکی تایبەت بە رەوشی ژنانی ئۆکراینا لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: رووسیا، نەک تەنها دژبە ئۆکراینا بەڵکو دژبە ژنانیش جەنگی دەست پێ کردووە. زانیاری باوەڕپێکراو هەیە کە هەر لە کچی بچووکی 10 ساڵانەوە تا ژنی بەتەمەنی 78 ساڵ، لەلایەن سەربازانی رووسیاوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر. رووسیا دەستدرێژی سێکسی وەک چەکێکی جەنگ بەکاردەهێنێت.

کۆمیسەری کاروباری ناوخۆی یەکێتیی ئەورووپا باسی لەوەش کرد کە لە شاری بوچا باکووری ئۆکراینا لە 25 ژن، نۆیان لەناو ژێرزەمینێکدا بەشێوەیەکی سیستەماتیک دەستدرێژییان کراوەتەسەر، ئاماژەی بەوەش دا کە دوێنێش لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، ئۆلخا ستێفانیشینا گفتوگۆی کردووە و زانیاری ئەوەی پێڕاگەیاندووە کە لە ئۆکراینا توندوتیژییە سێکسییەکان زیادیان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لێ کردووە "ناوەندەکانی مانەوە لە ژیان" دروستبکرێن و بۆ ئەمەش داوای یارمەتی لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە.

ئیڵڤا یۆهانسۆن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەشێوەیەکی ئەرێنی دەڕواننە داواکارییەکەی ئۆلخا ستێفانیشینا و لەگەڵ ئەندامەکانی دیکەی لیژنەکەدا، لەم بارەیەوە دەدوێن.

کۆمیسەری کاروباری ناوخۆی یەکێتیی ئەورووپا، ئیڵڤا یۆهانسۆن ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتیی ئەورووپا بەشێوەیەکی بەپەلە پشتیوانی دەروونی بۆ قوربانییانی دەستدرێژی سێکسی لە ئۆکراینا دابین دەکات و بەشێوەیەکی درێژمەوداش پشتیوانی تەندروستییان پێشکەش دەکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.