نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پلانەکانی جەژن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.
لە ڕاگەیەنراوەکەی نووسینگەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە "بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کە لەلایەن لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانەکە وەکو خۆی و بەسەرکەوتوویی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێ کرا."
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماری گشتیی ڕووداوەکانیش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ خراوەتەڕوو کە لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان لەهەر سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیە بوو، (38) تاوان تۆمار کراوە، (33) تاوان ئاشکرا کراوە، (5) تاوانیش لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
دووەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتوویی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (10) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لەئەنجامیاندا (13) کەس برینداربون و (2) کەسیش گیانیان لەدەستدا.
سێیەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرکدابوون، لەم ماویەشدا (6) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.
چوارەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران، وەک دانانی لێژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لێژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربین بۆ چارەسەرکردنی هەر رووداوێک یان گیروگرفتێك.
هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستۆڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ڕێستۆرانتەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە 138هەزار و 112 گەشتیار.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە تیمەکان دەکات و ئاماژەی بەوەش داوە کە "هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.