ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پاسیکیلسوارێک کە هاووڵاتیی دانیمارکییە لە سنووری ناحییەی کانی ماسی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو بە سەختی برینداربوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێێ ڕاگەیاندین: دوو هاووڵاتیی دانیمارکی کە بە مەبەستی گەشتوگوزار لە تورکیاوە بە ڕێگەی دەروازەی سەرزێڕی نێوان هەرێمی کوردستان - تورکیا چوونەتە گوندەکانی باروخێ و کامبێرکێی سەر بە سنووری کانی ماسی، لەوێدا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو یەکێکیان بەسەختی برینداربووە.
ڕاشیگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی ناشارەزاییان چوونەتە ڕێگەیەک کە چەندین ساڵە بەهۆی گرژییەکانی نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکە هاتووچۆی پێدا ناکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە دوای برینداربوونی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هاوڕێکەیەوە ئاگاداری خەڵکی گوندی ئەو ناوچەیە کراوەتەوە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.