Erbil 38°C ھەینی 27 شوبات 02:28

سلێمانی؛ وردەکاری هێرشکردنە سەر ئافرەتێک بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەخرێتەڕوو

کوردستان TV
100%

درەنگانی شەوی ڕابردوو لە پارێزگای سلێمانی ئافرەتێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە 15 چەقۆی لێدەدرێت، گوتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان جەختی کردەوە کە ئێستا تەندروستی ئافرەتەکە جێگیرە.

ڕائید ڕاز فریا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتانی سلێمانی بە پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاندووە کە "ئەم دوو هاوسەرە پێشتر کێشەیان هەبووە و  ئافرەتەکە داوای جیابوونەوەی کردووە، ماوەی 7 مانگە کەیسەکەیان لە دادگەیە."

ڕاشیگەیاند: ئافرەتەکە تەمەنی 25 ساڵە و کاتژمێر 02:00 ی شەوی ڕابردوو لەلایەن هاوسەرەکەیەوە 15 چەقۆی لێدراوە و پاشان گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەکە بە پەیامنێرمانی ڕاگەیاند: ئافرەتەکە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجام دراوە، چەقۆیەکیان بەر نزیکی گورچیلەی کەوتووە، هەروەها نەشتەرگەری بۆ سکیشی کراوە بەهۆی ئەوەی چەند چەقۆیەکی بەرکەوتووە، چەند چەقۆیەکیش بەر پشتی کەوتووە، ئێستاش تەندروستی جێگریرە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ داوایەکی جیابوونەوە لە دادگەی باری کەسییەتی سلێمانی کە تاوەکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە.

کەسوکاری ئافرەتەکە بۆ پەیامنێرمان ئاماژەیان بەوە داوە کە "ئەم دوو هاوسەرە ماوەی 40  ڕۆژ بەیەکەوە بوونە، بەهۆی ئەوەی بەیەکەوە نەگونجاون ئافرەتەکە داوای جیابوونەوەی کردووە و ماوە 7 مانگە کەیسەکەیان لە دادگەیە."

کەسوکاری ئافرەتەکە باسیان لەوەش کرد کە "چەندین جار حاڵەتی لەمشێوەیە لەنێوانیان ڕوویداوە و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سلێمانی لەسەر هێڵە، چونکە پێشووتر ئافرەتەکە لەوێ داوای بەرزکردووەتەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.