ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پارێزگای زیقار، دژبە نەبوونی دەرفەتی کار و دانەمەزراندنیان لە کەرتی گشتییدا، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و لە میانیدا کۆمپانیای نەوتی زیقاریان داخست.
شایەتحاڵەکان لە رێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بەمیدیاكانیان راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دژبە نەبوونی دەرفەتی کار و دانەمەزراندنیان لە کەرتی گشتییدا، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
بەگوتەی شایەتحاڵەکان، خۆپیشاندەران بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل، دەروازەی سەرەکی کۆمپانیای نەوتی زیقاریان داخستووە و داوایان لە بەرپرسانی کۆمپانیاکە کردووە، بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن، بەرلەوەی خۆپیشاندانەکانیان بگۆڕن بۆ مانگرتنی کراوە.
رۆژانە کێڵگەکانی ناسرییە و غەراف لە پارێزگای زیقار، 290 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێندرێت، سەرباری بەرهەمهێنانی 60 میلۆن پێی سێجا غاز لە رۆژێکدا.
پارێزگای زیقار بە چەقی چالاکییەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق دادەنرێت و ناوە ناوە بەشێک لە دانیشتووانەکەی دژبە خراپ بەرێوەبردنی کاروباری پارێزگاکە و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەمی ھەلی کار خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بەجۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی 92 لەسەدا، پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت.
بەپێی داوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێکاری لەو وڵاتە گەیشتووەتە 27 لەسەدا و رێژەی ھەژاریش گەیشتووەتە 31،7 لەسەدا.
لە عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019وە ناو بەناو خۆپیشاندان، بەھۆی خراپی بارودۆخی ئابووری و بەگوتەی خۆپیشاندەران بەردەوامبوونی گەندەڵی دارایی و سیاسی بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.