یانەی ئینتەرمیلان نازناوی جامی ئیتاڵیای بەدەستهێنا، لە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكەو لە یاریگای ئۆلۆمپیكۆ لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، یانەی ئینتەرمیلان بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی یوڤێنتوسی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو و خاوەنی ڕیكۆردی پێوانەیی نازناوەكانی پاڵەوانێتیەكەی بردەوە.
دوای تێپەڕبوونی شەش خولەك بەسەر فیكەی دەستپێكی یاری، یاریزان نیكۆلۆ بارێلا گۆڵێكی بۆ ئینتەر تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجادا، ئەلێكس ساندرۆی بەڕازیلی گۆڵی بەرامبەری یوڤێی بەدەستهێنا.
دوای دوو خولەكی دیكەش، هێرشبەری سڕبی دوسان ڤلاهۆڤیچ گۆڵی دووەمی یوڤێنتوسی تۆماركردو تیپەكەی پێشخست، لەو لاشەوە ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ ئینتەر هەژماركردو لە جێبەجێ كردنی لێدانەكەدا، هاكان كالهانۆگلوی توركی گۆڵی دووەم و بەرامبەری ئینتەری لە خولەكی هەشتا بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، بە تەواوبوونی كاتی یاسایی یاری بە بەرامبەر بوونی هەردوو تیپ بە دوو گۆڵ بۆ هەریەكەیان، پەنابرایە بەر دوو گێمی زیادكراو، لە خولەكی هەشتەمی گێمی زیادكراوی یەكەمدا، ئیڤان پێریسیچی كڕواتی گۆڵی سێیەمی ئینتەری به لێدانی سزا تۆماركرد.
چوار خولەك دواتر هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی تیپەكەی بەدەستهێنا، بەم ئەنجامەش ئینتەرمیلان نازناوی جامی ئیتاڵیای بۆ یەكەمجار لە دوای یازدە ساڵ و هەشتەم جار لە مێژووی خۆی بردەوە، یوڤێنتوسیش بۆ یەكەمجار لە دوای دە ساڵ و بەبێ هیچ نازناوێك ڕكابەرییەكانی ئەم وەرزەی تەواوكرد .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.