یانەی ئەیاكس ئەمستردام نازناوی خولی هۆڵەندای بە شێوەی پێشوەخت و بۆ سێیەم جاری لەسەریەك بەدەستهێنا، لە هەفتەی سیی و سێیەمی خولەكەدا، ئەیاكس ئەمستردام بە ئەنجامێكی گەورەو بە پێنج گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی هێرینڤینی میوانی بردەوە.
لە خولەكی نۆزدەدا، نیكۆلاس تاگلیافیكۆی ئەرژەنتینی گۆڵێكی بۆ ئەیاكس تۆماركرد، پاشان یاریزان ستێڤن بێرگویس گۆڵی دووەمی تیپی میوانداری لە خولەكی سیی و سێ بەدەستهێنا، بە دوای ئەم گۆڵەش، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ ئەیاكس هەژماركردو هێرشبەری كۆت دیڤواری، سێباستیان هالێر لێدانەكەی سەركەوتووانە جێبەجێ كردو گۆڵی سێیەمی تیپەكەی لە خولەكی سیی و هەشت تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.
لە گێمی دووەم و لە خولەكی هەشتاوپێنجدا، یاریزان بریان برۆبی گۆڵی چوارەمی ئەیاكسی بەدەستهێنا، دواتر، ئێدسۆن ئەلڤارێزی مەكسیكی گۆڵی پێنجەمی میواندارەكانی لە دواساتەكانی یاری تۆماركرد.
بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی ئەیاكس لە پێشەنگی ڕیزبەندی یانەكان بۆ هەشتاودوو خاڵ بەرزبووەوەو نازناوی خولی هۆڵەندای بۆ سێیەم جاری لەسەریەك و سیی و شەشەمین جار لە مێژووی خۆی بە شێوەی پێشوەخت بەر لە هەفتەیەك لە كۆتاییهاتنی خولەكە بەدەستهێنا، هاوكات ئەمە دوایین نازناوی ئێریك تین هاگی ڕاهێنەری ئەیاكس بوو لەگەڵ تیپەكەی كە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا پۆستەكەی جێدەهێڵێت و بەفەرمی دەبێتە ڕاهێنەری یانەی مانچستەریونایتد .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.