Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 10:54

عه‌زۆله‌ی ته‌پڵ.. هاوڕێ و هاوده‌می كۆڕو ئاهه‌نگه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك ..!

 1934_ 17/7/1973 
کوردستان TV
100%

له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشوو تا كۆتایی هه‌شتاكان، به‌سه‌رده‌می زێرینی گۆرانی و مۆسیقای كوردی ئه‌ژمارده‌كرێت، زۆر له‌هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و ده‌نگبێژه‌كانی كورد به‌گشتی و له‌شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری خۆڕسك و به‌توانا و ده‌ست و په‌نجه‌ زێرین چه‌نده‌ها شه‌وئاهه‌نگیان له‌ماڵان و ده‌شت و ده‌ر سازكردوه‌ ، به‌ده‌م كۆڕی باده‌نۆشین ‌ ئاماده‌بووانی ئه‌و كۆڕو شه‌و ئاهه‌نگه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانیان و  به‌ده‌ست و په‌نجه‌و ژه‌نینی مۆسیقاوه‌ دڵخۆش و كه‌یفخۆش و سه‌رمه‌ست كردووه‌ ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌ندێك له‌دۆستانی هونه‌ری موزیك و گۆرانی خۆبه‌خشانه‌ توانیویانه‌ به‌و ئامێره‌ ساده‌ ڕیكۆرده‌رانه‌ی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ئه‌و شه‌و ئاهه‌نگ و گۆرانیایانه‌یان تۆماركردووه‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ ئه‌رشیفێكی به‌نرخ و ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی ، به‌داخه‌وه‌ زۆرێكیش له‌و شه‌و ئاهه‌نگانه‌ تۆمارنه‌كراوون و ئه‌و كه‌یف و سه‌فاو سۆزو ده‌نگه‌ خۆشانه‌ ته‌نها هه‌ربۆئه‌و شه‌وه‌ بوون، هه‌روه‌ها نه‌بوونی كامێرا ( فۆتۆگراف و ڤیدیۆ) ئه‌وه‌ش به‌شێكه‌ له‌ ئه‌رشیف نه‌بوونی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ پڕ جۆش و خرۆش و لێوڕیژه‌ له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌ن.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسكانه‌ی كه‌ له‌حه‌زو خولیایه‌كی هه‌ڵقوڵاوی ناخی بۆ هونه‌ری مۆسیقا، به‌تایبه‌ت ئامێری ( ئیقاع) هونه‌رمه‌ند ( عه‌زیز محه‌مه‌د خه‌لیفه‌) كه‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا به‌ ( عه‌زۆله‌ی ته‌پڵ) ناسراوه‌، له‌هه‌ركۆڕو كۆبوونه‌وه‌ یاده‌وه‌رییه‌كدا سه‌باره‌ت به‌بلیمه‌تی نه‌مر هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) و باسكردنی ئاهه‌نگه‌كانی له‌شاری سلێمانی ، دوو هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه‌و  سینه‌ زێرین ( حه‌سه‌نی حاجی قاسم ، كه‌به‌ مام حه‌سه‌نی نه‌ی ناسراوه‌ ) و  ( عه‌زۆله‌ی ته‌پڵ) ناویان له‌پاڵ ئاهه‌نگ و ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌ك دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.

له‌خانه‌واده‌ی ( محه‌مه‌د خه‌لیفه‌ و  زوبێده‌ خاتوون) له‌ساڵی (1934) له‌گه‌ڕه‌كی خانه‌قای شاری سلێمانی منداڵێكی چاوگه‌شی خڕو خه‌پان له‌و خانه‌واده‌ هه‌ژاره‌ به‌دنیا دێت و ناوی ده‌نێن( عه‌زیز) .
عه‌زیز له‌خانه‌واده‌كه‌یدا خاوه‌نی (برایه‌ك و  سێ خوشكه‌ به‌ناوه‌كانی  قادر ، فه‌خریه‌ ، جه‌میله‌ و عاصمه‌)، هه‌موویان كۆچی دوایی یان كردووه‌ ته‌نها فه‌خریه‌ خانی خوشكی هونه‌رمه‌ند له‌ژیاندا ماون ، ڕۆحیان شادو ئارام بێت.
 باوكی هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د خه‌لیفه‌) خاوه‌نی پیشه‌یه‌كی ده‌ستی بووه كه‌ به‌وه‌ستا محه‌مه‌دی چه‌خماخساز  له‌ناو گوزه‌رو بازاڕی شاری سلێمانیدا ناسراوه‌،
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌سۆزو ئامێزی گه‌رمی دایكی بێ به‌ش ده‌بێت ( زوبێده‌خانی) دایكی كۆچی دوایی ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند عه‌زیز محه‌مه‌د خه‌لیفه‌ ، ته‌مه‌نی منداڵی و مێردمنداڵی له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی ( سه‌رشه‌قام و ده‌رگه‌زێن) ژیانی به‌سه‌ر بردووه‌، 
عه‌زۆله‌  وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی له‌ساڵی ( 1940) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن و فێری ئه‌لف و بێی كوردی بووه‌و، به‌رده‌وام بووه‌ له‌خوێندن تا قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تی و سه‌ختی باری ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی نه‌یتوانیوه‌ درێژه‌ به‌خوێندن بدات، به‌ڵكو بۆته‌ شاگردی باوكی له‌به‌ر ده‌ستی باوكیدا فێری پیشه‌ی چه‌خماخسازی بووه‌، 
له‌ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه‌ حه‌زو خولیای ژه‌نینی ئامێری ( ته‌پڵ) ی له‌لا دروست بووه‌، له‌گه‌ڵ كاركردن و فرۆشتنی هێزو بازووی ڕۆژانه‌ی له‌پێناو دابینكردنی نان دا ، ئه‌و حه‌زه‌ زۆره‌ی بۆ ئه‌و ئامێره‌ زیاتر بووه‌، ده‌ست و په‌نجه‌كانی له‌گه‌ڵ ئامێری  ته‌پڵ و زه‌ڕب دا ڕاهێناوه‌و توانیویه‌تی كه‌له‌سه‌ر ڕیتم ئه‌و ئامێره‌ بژه‌نێ.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1955) ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوو ( به‌هیه‌ مسته‌فاعه‌بدوڵڵای مه‌كینه‌چی)  پێكدێنێ و به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ( 5 كچ و 3 كوڕ) ده‌بێت.
عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێ و به‌پێی ده‌ستووری ئه‌وسای حكومه‌تی عێراقی هه‌رتاكێك ته‌مه‌نی گه‌یشته‌ (18) به‌زۆر ده‌بێت ببێت به‌سه‌رباز، باوكی عه‌زۆله‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی نه‌بێته‌ سه‌رباز هه‌وڵی بۆ ده‌دات و به‌ پۆلیس دایده‌مه‌زرێنێت له‌به‌شی ئالیاتی پۆلیسی سه‌رای سلێمانی،
بۆ نازناوی  عه‌زۆله‌..؟! 
عه‌زیز محه‌مه‌د خه‌لیفه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی ناسراو  كه‌سێكی جوان و ڕووخۆش و هه‌ست و نه‌ست پاك و كه‌سێكی قسه‌خۆش و شیكپۆش و خۆشه‌ویستی نێو خه‌ڵك و هاوڕێكانی بووه‌ و هه‌میشه‌ ده‌م به‌خه‌نده‌ بووه‌، كۆڕگه‌رمكه‌ری یاران و دۆستان بووه‌ ، وه‌ باڵاشی ئه‌وه‌نده‌ به‌رز نه‌بووه‌، له‌خۆشه‌ویستی و خاوه‌نی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ جوانانه‌له‌لایه‌ن هاوڕێ  و خۆشه‌ویستانییه‌وه‌  ناوه‌كه‌ی  له‌عه‌زیز ه‌وه‌ كورتكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ( عه‌زۆله‌) ، ئه‌م نازناوه‌ بووه‌ نازناوێكی جوانی هونه‌ری بۆ هونه‌رمه‌ند.
  دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ جوانه‌ هونه‌رییه‌ له‌ژه‌نینی ئامێری ئیقاع  ( ته‌پڵ و زه‌ڕب) هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌، ده‌بێته‌ هاوڕێ و هاوده‌می كۆڕی به‌زم و خۆشی و شادی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری سلێمانی، ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو سه‌رده‌می زێڕین و ناوبانگی  هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بووه‌،له‌چه‌ندین له‌دانیشتن و ئاهه‌نگی ماڵاندا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و ئیبراهیم محه‌مه‌د_ ئیبراهیمی خه‌یات و سه‌لاح ڕه‌شید و ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی  و ولیه‌م یوحه‌نا و حه‌سه‌نی نه‌ی و مه‌حموی تۆفیق شلك) كاری هونه‌ری ئه‌نجامداوه‌ و له‌زۆربه‌ی  ئاهه‌نگ و شه‌وئاهه‌نگه‌كانی ماڵان له‌شاری سلێمانی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند به‌شداریكردووه‌. یه‌كێك بووه‌  له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( مشكۆی هه‌ولێری) و له‌زۆر دانیشتن و ئه‌كله‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ند مشكۆ دا به‌شداربووه‌.
هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه‌ له‌دۆست و هاوڕێی نزیكی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌چه‌ندین ئاهه‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كدا به‌ئامێری ته‌پڵ به‌شداری كردووه‌، له‌یادی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ( عه‌زۆله‌) به‌پێویستی ده‌زانم كه‌یادێك له‌ هونه‌رمه‌ندێكی باڵه‌بان و نه‌ی ژه‌نێكی به‌توانا بكه‌مه‌وه‌ ، به‌داخه‌وه‌ زۆر گه‌ڕاوم به‌دوای زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ، وه‌ك پێویست ده‌ستم نه‌كه‌وت، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌نی حاجی قاسم ، ناسراو به‌ مام حه‌سه‌نی نه‌ی ) له‌بنه‌ڕه‌تدا( ئازه‌ری) یه‌، چاره‌نووس له‌شاری سلێمانی هه‌واری پێخستووه‌و له‌وشاره‌دا ماوه‌ته‌وه‌، به‌هه‌ست و سینه‌ و نه‌یی و  باڵه‌بانه‌كه‌ی دنیایه‌كی هونه‌ری جوانی بۆخۆی درووستكردووه‌و ، خزمه‌تێكی زۆری به‌مۆسیقاو گۆرانی كوردی كردووه‌، یه‌كێك له‌شاكاره‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جیا له‌و ژه‌نینی نه‌ی و باڵه‌بانانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، به‌رهه‌می ( پۆسته‌و ئیداره‌یه‌) كه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی میللی ( عه‌به‌ی سه‌یزاده‌) و عه‌زۆله‌دا تۆماریان كردووه‌، پۆسته‌و ئیداره‌ بۆته‌ ناسنامه‌ی جه‌ژن و بۆنه‌ شادی به‌خشه‌كان. 
ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌شاری سلێمانی  سازیكردوون و ، هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ به‌ئامێری ته‌پڵ  و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی  دیكه‌ به‌شداربوون:
 1/ ئاهه‌نگی  ماڵی ( عه‌لی برایم ده‌روێش)  
 هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌  به‌ ته‌پڵ به‌شداربووه‌.
2/ ئاهه‌نگی ماڵی ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید)  
 هونه‌رمه‌ند  شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، ئامێری كلارنێت
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا ، ئامێری  عود
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
3/ ئاهه‌نگی ماڵی ئه‌حمه‌دی سۆفی كه‌ریم 
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د حه‌مكوڵ ، ئامێری ئۆكۆردیۆن
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئامێری ده‌فسنجان
4/ ئاهه‌نگی ماڵی ئه‌حمه‌دی سۆفی كه‌ریم 
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
5/ ئاهه‌نگی ماڵی مه‌حموی تۆفیق شلك 
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
6/ ئاهه‌نگی ماڵی مه‌حموی تۆفیق شلك ساڵی (1967)
هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ، ئامێری كه‌مانچه‌
هونه‌رمه‌ند حازم حه‌داد ، ئامێری عود 
هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده، ئامێری ‌ شمشاڵ
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ڕه‌شید ، ئامێری ‌ شمشاڵ
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
7/ ئاهه‌نگی ماڵی عوسمانی عه‌به‌ ده‌لاك 
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
8/ ئاهه‌نگی ماڵی ئه‌مینی ده‌ڕابه‌چی
هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ، ئامێری كه‌مانچه‌
هونه‌رمه‌ند فه‌ره‌نسیس داوود ، ئامێری  كه‌مانچه‌
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئامێری ده‌فسنجان
9/ ئاهه‌نگی ماڵی شێخ جه‌باری نانه‌وا( 24/3/1967)
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
10/ ئاهه‌نگی ماڵی مه‌حموی ده‌لاك 
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئامێری ده‌فسنجان
11/ ئاهه‌نگی ماڵی حاجی برایمی چه‌رمه‌گا 
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا ، ئامێری شمشاڵ
هونه‌رمه‌ند د. ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، ئامێری كه‌مانچه‌
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ڕه‌شید، ئامێری شمشاڵ
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئامێری نه‌ی 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ئامێری ته‌پڵ
له‌م ئاهه‌نگه‌دا كه‌سایه‌تی قسه‌خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و ده‌نگخۆش (به‌كری حاجی سه‌عه‌ڕه‌ش) به‌چه‌ندگۆرانییه‌ك به‌شداره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك.(1) 
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ده‌ستكه‌وتنی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند،له‌ڕێی كاك سه‌رداری وه‌ستا جه‌لالی ده‌لاكه‌وه‌، ژماره‌ی یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی  هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو عه‌زۆله‌، به‌ناوی ( دلێر)  ده‌ست كه‌وت و ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیم پێوه‌كرد و ، هه‌ندێك پرسیارم ئاراسته‌ كرد ، 
كاك دلێری كوڕی هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ زۆر خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رزم من كوڕی ئه‌و پیاوه‌ هونه‌رمه‌ند و كه‌سه‌ دیاره‌ی شاری سلێمانیم ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆر زوو ئێمه‌ی به‌جێهێشت و كۆچی دوایی كرد، به‌ڵام هه‌ندێك بیره‌وه‌ری منداڵیم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ باوكم و ئه‌و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و ئاهه‌نگانه‌ كه‌باوكم تێیدا به‌شدارده‌بوو، له‌یادمه‌ بۆ چه‌ندئاهه‌نگێك باوكم منی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد، وه‌ك ( چه‌رمه‌گا ، قازیاوا ، ماڵی ئه‌حمه‌دی سۆفی كه‌ریم) زیاتر ئه‌وانه‌ی بۆمن ئاشنا بوون هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و مام حه‌سه‌نی نه‌ی ) بوو، چونكه‌ ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌‌ هاوڕێی زۆر نزیكی باوكم بوون، زوو زوو ده‌هاتن بۆماڵه‌وه‌، باوكم كه‌سێكی نه‌رم نیان  و هێمن و له‌سه‌ر خۆ بوو ، هونه‌ره‌كه‌ی زۆرخۆش ده‌ویست، به‌رده‌وام حه‌زی له‌جلی جوان بوو، جیاله‌وه‌ی وه‌ك پیشه‌ چه‌خماخساز بوو ، هه‌روه‌ها پۆلیس بوو له‌سه‌رای سلێمانی.
 له‌پرسیارێكمداسه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ‌له‌یادتان بێت هیچ كات هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ماڵی ئێوه‌ گۆرانی خوێندووه‌..؟ 
له‌وه‌ڵامدا دلێری كوڕی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند وتی:
نه‌ك جارێك به‌ڵكو چه‌ندین جار، ماڵمان له‌سه‌ركارێز بوو، له‌لای فلكه‌ی ( ئاسۆی ده‌لاك) ئێستاش ئه‌و خانووه‌  هه‌رماوه‌له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی یه‌كێك له‌ژووره‌كانی ئه‌و خانووه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك  و مام حه‌سه‌نی نه‌ی له‌گه‌ڵ خوشك براكانم) وێنه‌یه‌كی جوانیان گرتووه‌ و ئێستا بۆته‌ ئه‌رشیف و مێژوویه‌كی جوان بۆخانه‌واده‌كه‌مان، له‌بیرمه‌ چه‌ندین جار مام حه‌سه‌نی نه‌ی و حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌هاتن بۆماڵمان ، مام حه‌سه‌ن به‌نه‌یه‌كه‌یی و باوكم به‌ته‌پڵه‌كه‌ی  و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی، ئه‌وان مۆسیقایان بۆده‌ژه‌ند و حه‌سه‌ن زیره‌كیش گۆرانی ده‌گوت ، ئه‌یان كرد به‌به‌زمی خۆیان ، ئێستا بیرم ده‌كه‌وێته‌وه‌ ئای چ حه‌شرێكیان ده‌كرد ئاسمان و زه‌وی و ده‌رو دراوسێیان ده‌هێنایه‌ جۆش و خۆش و شادییان ده‌به‌خشییه‌وه ، ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك  گۆرانی به‌سه‌ر خوشكێكم دا خوێندووه‌‌.(2)  
ئای چ سه‌ردمێك بووه‌، به‌داخه‌وه‌ كه‌ ئامێره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا به‌وشێوه‌ی ئێستا نه‌بووه‌ وه‌ك ( ئامێری تۆماركردنی باش و كامێرا و مۆبایل) به‌سه‌دان ئاهه‌نگ و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی شادی به‌خش ، ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندان و ده‌ست و په‌نجه‌ زێرینی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ، هه‌رله‌وكاته‌دا خوێندراوه‌و تۆمارنه‌كراوه‌، به‌وته‌ی دلێری كوڕی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌و ئاهه‌نگه‌ پڕجۆش و خرۆشانه‌ی هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، مام حه‌سه‌نی نه‌ی و عه‌زۆله‌) به‌بێ خۆئاماده‌كردن و پرۆڤه‌كردن ڕاسته‌وخۆ ئه‌و كه‌شه‌ هونه‌رییه‌ لێوان لێوه‌ له‌خۆشه‌ویستی بۆهونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیان خوڵقاندووه‌، 
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و وته‌یه‌ی دلێری كوڕی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند ، سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی خوێندن به‌سه‌ر خوشكه‌كه‌یدا، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ ( سه‌لاح ڕه‌شید) له‌شه‌وێكی هاوینی ساڵی (2020) له‌نێو كۆڕوكۆبوونه‌وه‌یه‌كی دۆستاندا، یاده‌وه‌رییه‌كی خۆیی و هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و عه‌زۆله‌ ) ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكرایه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح ڕه‌شید، لاپه‌ڕه‌كانی یاده‌وه‌ریی خۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆساڵی (1967)  و ده‌ڵێت( گه‌نجێكی ئه‌م شاره‌ له‌ناو بازاڕ كاسب بوو ناوی ( كه‌مالی حاجی شه‌ریف ) بوو ، باوه‌ڕناكه‌م له‌ژیاندا مابێت ، من ڕۆژێك به‌ڕێكه‌وت له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌یه‌وه‌ تێپه‌ڕیم ، بانگی كردم و وتی كاك سه‌لاح  من ئه‌مه‌وێ ده‌عوه‌تێكتان بۆبكه‌م  بۆ ئه‌زمه‌ڕ لای كانییه‌كه‌،به‌كاك شه‌وكه‌ت بڵێ ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی دا هه‌واڵم پێبده‌ره‌وه‌،منیش به‌كاك شه‌وكه‌ت ڕه‌شیدی برام وت ، ئه‌ویش وتی باشه‌، بۆ ڕۆژی دواتر سه‌یاره‌یه‌ك له‌جۆری (لاندڕۆڤه‌ر ) ێكی درێژ ڕه‌نگ سه‌وز بوو ، ئه‌و سه‌یاره‌یه‌ی نارد به‌دواماندا ، به‌ڵام ڕۆژی پێشتر كاك شه‌وكه‌تی برام عه‌زۆله‌ی ئاگاداركردبوو ، عه‌زۆله‌  ته‌پڵی لێئه‌دا عه‌زۆله‌ی وه‌ستا محه‌مه‌د ، ڕه‌ئیس عوره‌فای شورته‌ بوو، كوڕێكی خۆش و ئه‌رباب بوو، كاك شه‌وكه‌ت به‌ كاك عه‌زۆله‌ی وت ، كاكه‌ گیان ئێمه‌ ماڵمان له‌قه‌زازه‌كانه‌و  هه‌موو لێره‌ كۆئه‌بینه‌وه‌ئه‌بێت سه‌عات (8) ئه‌بێ لێره‌بی بۆئه‌وه‌ی زوو بگه‌ینه‌ ئه‌وێ ، بۆئه‌وه‌ی تۆزێك  پرۆڤه‌ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك بكه‌ین، هه‌موو له‌به‌رده‌م ماڵی خۆمان ئاماده‌بووین ، كاتژمێر بوو به‌ هه‌شت و چاره‌ك ، بووبه‌ هه‌شت و نیو ، بوو به‌ چاره‌ك بۆ نۆی به‌یانی عه‌زۆله‌ هه‌رنه‌هات ، كاك شه‌وكه‌ت په‌ست بوو ده‌ستی كرد به‌بۆڵه‌بۆڵ  و وتی عه‌زۆله‌ هه‌موو جارێك ئاوامن لێده‌كات ئه‌وه‌یه‌كه‌م جاری نییه‌ دواده‌كه‌وێت،  منیش وتم كاك شه‌وكه‌ت گیان ئه‌و ئۆتۆمبێلێك خراوه‌ته‌ خزمه‌تمان فه‌رموو باسواربین و  ئه‌چین بۆبه‌رماڵی عه‌زۆله‌  له‌وێ له‌ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵی ئه‌گرین، ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ركارێزبوو ، ئێمه‌ش له‌لای قاوه‌خانه‌ی سه‌رچیمه‌ن نزیكین له‌یه‌كه‌وه‌ ، 
ناچار چووینه‌ به‌رده‌م ماڵی عه‌زۆله‌ ، سه‌یرئه‌كه‌ین هه‌ردوو تاكی ده‌رگاكه‌یان كراوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وسه‌رده‌مه‌ش واباوبوو ئه‌گه‌ر ماڵێك هه‌ردوو تاكی ده‌رگاكه‌یان بكرێته‌وه‌  خوانه‌خواسته‌ ئه‌و ماڵه‌ ته‌عزێ یان هه‌یه‌ ، منیش به‌كاك شه‌وكه‌تم وت به‌زاتی خوا شتێكیان لێ قه‌وماوه‌ ، وتی به‌چیا ئه‌زانی ، وتم هه‌ردوو تاكی ده‌رگاكه‌یان كراوه‌ته‌وه‌ ، ئێمه‌ش هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك مان له‌گه‌ڵ بوو ئامێره‌كانی مۆسیقا له‌ناو سه‌یاره‌كه‌دابوو، چوینه‌ پێشه‌وه‌ كه‌بینیم مه‌نجه‌ڵیكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاگره‌و ئاو تیایدا ئه‌كوڵێ وتم به‌قورئان كه‌سێكیان لێ مردووه‌، كاك شه‌وكه‌ت بانگی كرد كاك عه‌زیز ، عه‌زۆله‌ به‌ده‌نگه‌ كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئێمه‌ی بینی  و هاواری كرد كاك شه‌وكه‌ت گیان داوای لێبوردن ئه‌كه‌م ، كاك شه‌وكه‌ت وتی عه‌زۆله‌ ئه‌وه‌بۆنه‌هاتی ئێمه‌ ئه‌م هه‌مووه‌ زۆر چاوه‌ڕێمان كردی ، وتی به‌قورئان مانداڵمان بووه‌، ئه‌وه‌ سه‌عاتێكه‌ خوای گه‌وره‌ مندالێكی داوینه‌تێ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ڕووی كرده‌ من  و  وتی كاك سه‌لاح زه‌حمه‌ت نه‌بێ عود و ته‌پڵه‌كه‌ داگره‌ ، منیش وتم بۆچیته‌ ؟ 
وتی تۆحه‌قت چییه‌ بڕۆ دایگره‌..! 
منیش عود و ته‌پڵه‌كه‌م داگرت و چووینه‌ ژووره‌وه‌، حه‌سه‌ن زیره‌ك ڕووی كرده‌ عه‌زۆله‌و وتی ، كامه‌یه‌ منداڵه‌كه‌تان ، منداڵه‌كه‌ش له‌كه‌ژاوه‌یه‌كی بچوكدا خه‌واندبوویان، 
حه‌سه‌ن زیره‌ك وتی كاك عه‌زیز  به‌ته‌مان ناوی  ئه‌و منداڵه‌ بنێن چی؟ 
عه‌زۆله‌ش وتی : دایكی ئه‌ڵی ناوی بنێن ( ئاورینگ) حه‌سه‌ن زیره‌ك وتی زۆرچاكه‌..!
كاك شه‌وكه‌ت عوده‌كه‌ی گرته‌ ده‌ست و عه‌زۆله‌ش ته‌پڵه‌كه‌، 
حه‌سه‌ن زیره‌ك  تێیچریكاند و  وتی : 
(به‌زمه‌ به‌زمی ئاورینگه‌ ، مه‌مكۆڵه‌ی پڕ به‌چنگه‌
قژی هه‌رئه‌ڵێی شنگه‌ ...... ) 
حه‌سه‌ن زیره‌ك نزیكه‌ی 3 بۆ 4 خوله‌ك ئه‌م گۆرانی ئاورینگه‌ی ووت ، 
گۆرانییه‌كه‌ی ته‌واو كرد و ڕۆیشتین به‌ره‌و ئه‌زمه‌ڕ له‌وێ ئاهه‌نگمان سازكرد.
له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان بوو له‌هۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی ، یادێك بۆحه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌كرا، مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ده‌بێ بۆئه‌و یاده‌و بیروه‌رییه‌ك و گۆرانیه‌ك ئاماده‌بكه‌یت، له‌سه‌ر شانۆ به‌رله‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ پێشكه‌ش بكه‌م ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌م گێڕایه‌وه‌، دوای خوێندنی گۆرانییه‌كه‌ ، له‌سه‌ر شانۆ هاتمه‌ خواره‌وه‌، كچێكی جوانكیله‌ی باڵابه‌رز له‌به‌رده‌ممدا وه‌ستاو ، وێڕای سوپاسگوزاری  وتی مامۆستا ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی گێڕاته‌وه‌  و باسی گۆرانی ئاورینگ تان كرد ، ئه‌و ئاورینگه‌ ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌متدا وه‌ستاوه‌ ، ئای له‌و یاده‌وه‌رییه‌ خۆشه‌ ، من به‌ساوایی بینیم و ئێستا ژنێك له‌به‌رده‌ممدا وه‌ستاوه‌)(3) 
هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كانی ئه‌وكاتی شاری سلێمانیدا هه‌بووه‌، هاوكاری هونه‌رمه‌ندان بووه‌ به‌ژه‌نینی ئامێری ئیقاعه‌كه‌ی ، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، كه‌به‌رده‌وام له‌ئاهه‌نگی ماڵان و سه‌یران بۆده‌شت و ده‌ر پێكه‌وه‌ بوون.
سه‌باره‌ت  به‌ رێكه‌وت و  شێوازی كۆچكردنه‌كه‌ی ، پرسیارم ئاراسته‌ی  دلێری كوڕی كرد، ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ كه‌ عه‌زۆله‌ی باوكتان له‌ساڵی (1972) كۆچی دوایی كردووه‌ به‌كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن ، له‌وه‌ڵامدا وتی : 
باوكم و مام حه‌سه‌نی نه‌ی بۆسه‌یران ده‌چن بۆئه‌زمه‌ڕ ، ده‌مه‌و ئێواره‌ كه‌ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ئه‌زمه‌ڕه‌وه‌ به‌ره‌و سلێمانی دێنه‌وه‌، له‌ڕێگا تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ده‌رده‌چێت و كۆنترۆڵ له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن ئۆتۆمبێله‌كه‌ وه‌رده‌گه‌ڕێت ، هه‌رله‌وێدا باوكم گیان ده‌سپێرێت ، مام حه‌سه‌نی نه‌ی یش بریندار ده‌بێت و ده‌یگه‌یننه‌  نه‌خۆشخانه‌، ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 17/7/1973) بووه‌  واته‌ ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتی كۆچكردنی باوكمه‌، دوای سێ ڕۆژ واته‌ ( 20/7/1973) مام حه‌سه‌نی نه‌ی یش له‌نه‌خۆشخانه‌  گیان ده‌سپێرێت ) (4) 
دوای گه‌ڕان و پرسیاركردنی زێده‌تر و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ ، به‌ڕێز ( عیرفان محه‌مه‌د، برای بورهان محه‌مه‌دی گۆرانیبێژ ) زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ پێدام كه‌له‌زاری ئه‌و ( مفه‌وه‌زی شورته‌) یه‌ كه‌ مفه‌وه‌زی ( لێكۆڵینه‌وه‌ _ ته‌حیقیق) بووه‌، كاتێك چۆته‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌زاری ( ئه‌حمه‌د) ناوێكه‌وه‌ كه‌ به‌( ئه‌حه‌ ماتۆڕ) ناسراوه‌، به‌وشێوه‌یه‌ ڕووداوه‌كه‌ی باس كردووه‌ ( ئه‌و ئه‌حمه‌د ناوه‌  ئه‌ویش پۆلیس بووه‌ له‌ئالیاتی پۆلیسی سلێمانی و هاوڕێی نزیكی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند بووه‌،ماتۆڕسوارێكی زۆر چاك و لێوه‌شاوه‌بووه‌  له‌ لێخوڕینی ماتۆڕ  و هه‌روه‌ها فیته‌ری ئۆتۆمبێل بووه‌ له‌گه‌ڵ عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ئالیاتی پۆلیسی سه‌را، ماڵیان له خانوه‌كانی كارگه‌ی شه‌كره‌كه‌ بووه‌، ئه‌وڕۆژه‌  بۆ كه‌یف و سه‌فا و به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش ، ئه‌حه‌ی ماتۆڕ و  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی و عه‌زۆله‌، ده‌چن بۆ ئه‌زمه‌ڕ، ده‌مه‌و عه‌سرێكی دره‌نگ به‌ره‌و سلێمانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌لۆفه‌كانی ئه‌زمه‌ڕ دێنه‌ خواره‌وه‌، تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ده‌رده‌چێت، ئه‌حه‌ ماتۆڕ شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌بێت، پێیان ده‌ڵێت مه‌شڵه‌ژێن و مه‌ترسن  نایه‌ڵم هیچمان لێبێت، عه‌زۆله‌ كه‌وتۆته‌ بارودۆخێكی خراپه‌وه‌ و ترساوه‌ له‌تاو ڕۆحی خۆی له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ وه‌ خۆی فڕێده‌داته‌ خواره‌وه‌، دواتر ئه‌وانیش وه‌رده‌گه‌ڕێن  و مام حه‌سه‌نی نه‌ی به‌سه‌ختی بریندار ده‌بێت به‌ڵام ئه‌حه‌ ماتۆڕ سه‌لامه‌ت ده‌بێت ، عه‌زۆله‌ كه‌ خۆی هه‌ڵداوه‌   له‌وكاته‌دا سه‌ری به‌ر به‌رد ده‌كه‌وێت و دووچاری خوێن به‌ربوونی ناوه‌كی ده‌بێت و هه‌ر له‌و كاته‌دا گیان ده‌سپێرێت ، ئه‌وانیش ده‌گه‌یه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌، مفه‌وه‌زی شورته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌، له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا وتویه‌تی  مام حه‌سه‌نی نه‌ی  بارودۆخی زۆر خراپ بوو توانای قسه‌كردنیشی نه‌بوو)  ( 5)
جێی داخه‌ عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند، له‌ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا ژیانئاوایی ده‌كات ، واته‌ عه‌زۆله‌ (39) ساڵ ژیاوه‌ ،به‌ڵام مێژوویه‌كی جوانی لێوان لێو له‌ هونه‌ر ، له‌هاوڕێیه‌تی و هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ندان له‌دوای خۆی جێهێشت.
دروود و سڵاو بۆگیانی پاكی  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( عه‌زۆله‌و  مام حه‌سه‌نی نه‌ی) هه‌روه‌ها بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ندان ( ولیه‌م یوحه‌ننا و شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و حه‌سه‌ن زیره‌ك ) و سه‌رجه‌م هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ، گڵكۆكانیان هه‌میشه‌ چراخان بێت.
 جه‌مالی ده‌لاك  12/1/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه‌ : 
(1)    كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك  ، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌نگ و سه‌دا ، پێكهاتی گۆرانییه‌كان ، نوسین و ئاماده‌كردنی ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عادل محه‌مه‌دكه‌ریم) .
(2    و 4) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( دلێر عه‌زیز محه‌مه‌د) كوڕی هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ ، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ، 9/1/2022
(3    )  یاده‌وه‌ری  هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ 
( سه‌لاح ڕه‌شید) تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ساڵی (202) .
(5) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( عیرفان محه‌مه‌د) ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ (11/1/2022) 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.