ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی لە ڕووداوێکی شەڕکردن لە گوندی کەورەبەن سنوری ناحیەی ڕزگاری لە قەزای خەبات لەنێوان دوو برا، پێنج کوژراو و دوو برینداری لێکەوتەوە.
ھۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: کاتژمێر 07:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی شەڕکردن لە گوندی کەورەبەن لە سنووری ناحییەی ڕزگاری لە قەزای خەبات لەنێوان دوو برا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ح. ر. پ.).
ڕاشیگەیاند: دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی شوێنی ڕووداو و ئارامکردنەوەی ئەو گرژیەی لە شوێنی ڕووداو دروستببوو، دواتر دەرکەوت کەوا لەسەر کێشەی زەوی لە نێوان مام و سێ برازا بەناوەکانی (ا. ر. پ.) و (ن. ح.) و (ف. ح.) و (ف. ح.) دەبێتە دەمەقاڵی و گرژی لەنێوانیان ڕوودەدات.
ئاشکراشی کرد کە "لەم نێوەندەدا پێنج کەس کوژراون و دوو تۆمەتباریش لەژێردەستی پۆلیس دانە کە زامداربوونە."
گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە "لە کاتی ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە کردوەتەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارانی تاوانەکە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.