Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 06:45

(هاملێت) شاكاره‌كه‌ی ( ولیام شه‌كسپیر ) له‌ هه‌ولێر نمایش ده‌كرێت

کوردستان TV
100%


شانۆگه‌ری (هاملێت) وه‌ك نۆبه‌ره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ( تیپی شانۆی ئه‌كادیمی جیهان)) به‌سپۆنسه‌ری (ده‌زگای رۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان ) له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری  ناسراو (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ هه‌ولێری پایته‌خت  نمایش ده‌كرێت.
له‌م شانۆگه‌رییه‌دا پییه‌سه‌ (شه‌كسپیر) یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند تێكستێكی شانۆیی نووسه‌رانی وه‌ك  (هادی المهدی)و (ممدوح عدوان)  ده‌قئاوێزانكراوه‌ وله‌ وه‌رگێرانی چیرۆك نووسی به‌ناوبانگ (شێرزاد حه‌سه‌ن)ه‌،كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری ئه‌كادیمی رۆڵه‌كانی به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن وه‌ك: ((سدیق حوسێ ـ هاملێت ، پشكۆی شێخ عه‌لی ـ پادشا ، زیاد كه‌ریم ـ هۆراشیۆ، ئاواز ئه‌حمه‌د ـ شاژن ، وه‌یلان سدیق ـ ئۆفیلیا ، ریشوان ئه‌حمه‌د ـ پۆلۆنیۆس ، كارمه‌ند خدر ـ لێرتس)) ..
كاره‌ هونه‌رییه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ به‌رێوه‌ده‌چێت: (ئه‌ندازیار بورهان سابیر ـ به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌م)، (دانا محه‌مه‌د ـ یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر و جێبه‌جێكردنی هونه‌ریی) ،(به‌در سنجاری ـ په‌یوه‌ندییه‌كان)،(زیاد كه‌ریم ـ ڕاگه‌یاندن) (كارزان كه‌مال ـ جێبه‌جێكاری هونه‌ریی ، تریفه‌ كه‌ریمییان ـ ده‌نگبێژیی ، ئه‌مین فه‌قیرـ تۆماركردنی موزیك ، محه‌مه‌د مه‌رزانی ـ وێنه‌گرتن و مۆنتاژ ،زانیار خۆشناوـ ریكلام، سه‌رهه‌نگ غه‌ریب ـ لیژنه‌ی به‌رهه‌م ،پشكۆ شێخ عه‌لی ، كارمه‌ند خدر، ریشوان ئه‌حمه‌د ـ روناكی ..)) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر به‌شداری  تیا ده‌كه‌ن.. 
له‌سه‌ر شانۆگه‌ری (هاملێت)،له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤیدا هونه‌رمه‌ند (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش)ووتی" ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ له‌هه‌موو هه‌ل ومه‌رجه‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا به‌رده‌وام بین له‌ كاركردنی خۆمان ، پێش راپه‌رین و دوای راپه‌رین و له‌كاتی خۆشی و ناخۆشی دا ، هونه‌رمه‌ند ئه‌ركییه‌تی دانه‌بڕێت و پاساو بۆ كارنه‌كردنی نه‌هێنێته‌وه‌ ،مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ له‌ رۆژگاره‌ سه‌خته‌كانی به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی  (داعش)یشدا ئێمه‌و به‌شێك له‌ شانۆكارانی ئازیز خۆبه‌خشانه‌ كاره‌ شانۆییه‌كانمان پێشكه‌ش به‌ بینه‌رانی ئازیز ده‌كرد ، ئه‌وا ئێستاش له‌كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت بوودجه‌ی بۆ شانۆ نییه‌ له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختدا و نمایش و فێستیڤاڵ و چالاكییه‌ شانۆییه‌كانی په‌ك خستووه‌ ، ئێمه‌ هه‌ر به‌رده‌وامین ". هه‌روه‌ها ووتی "به‌سوپاسه‌وه‌ بۆ ده‌زگای رۆشنبیری جیهان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێرو یه‌ك به‌یه‌كی ئه‌و ستافه‌ خۆنه‌ویست و شانۆ په‌روه‌ره‌ی كارمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ، نمایشی شانۆكه‌ری (هاملێت )ی (ولیام شه‌كسپیر) له‌ به‌رۆكی (هه‌ولێر)ی ئازیز ده‌ده‌ین ئه‌و شاره‌ی هه‌میشه‌ ئامێزی پڕ له‌خۆشه‌ویستی و ژیانی بۆ هه‌مووان كردووته‌وه‌، به‌و ئومێده‌ی ته‌قه‌لاكه‌مان جێگای ره‌زامه‌ندی بینه‌ران بێت و ده‌ستپێكی گوردانه‌وه‌ی بزاڤه‌ شانۆییه‌كه‌ بێت له‌ شاره‌كه‌ماندا".
  ده‌روێش له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا ووتی"جێگای ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ( ئه‌مینداریه‌تی زانكۆكانی جیهان )و(ده‌زگای رۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان)و ده‌رهێنه‌رو ستافه‌كه‌ی ، له‌م  ره‌وشه‌ لاوازه‌ی  شانۆ له‌(هه‌ولێر)ی پایته‌خت دا ئه‌م شاكاره‌ جیهانییه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن، نمایشه‌كه‌شمان به‌هاوكاری (به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی  قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر) وا بریاره‌ له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا پێشكه‌ش بكرێت".
شایانی باسه‌ شانۆگه‌ری ( هاملێت  ) به‌ مه‌زنترین ده‌قی نووسه‌ری  ئینگلیزیی بلیمه‌ت (ولیام جۆن شه‌كسپیر) ده‌ژمێردرێت و له‌دوای چوار سه‌ده‌ له‌نووسینیه‌وه‌، به‌هه‌زاران جار له‌ سه‌ر شانۆكانی وڵاتانی جیهان به‌دیدگاو ستایل و فۆرمی جیاواز نمایش كراوه‌.
ئا- كامران

 

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.