حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە ئاماژە بەوە دەدەن حکوومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری دەستی بەسەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی داگرتووە.
جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێم هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکوومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بەسەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون.
ڕاشیگەیاند: ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نیيە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات.
جەختیشی کردۆتەوە کە "ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکور لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستوور تەشریع بکرێت."
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش داوە کە "بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.