Erbil 38°C سێشەممە 15 تشرینی یەکەم 15:16

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان: ھەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق سیاسین

کوردستان TV
100%


 جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ھەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە سیاسین و  رایده‌گه‌ێنێت، سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان دەرفەتی وەبەرھێنانی لە کەرتی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا گەورەکان داوە.

گوڵیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھیچ  کۆمپانیایەکی بیانی لە ھەرێمی کوردستان نەکشاوەتەوە، کاتی خۆی لە پیرمام و مەقلوب کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل ھەندێک گەڕانی ھەبوو بەدوای نەوتدا، دواتر پشکەکانی خۆی دا بە کۆمپانیایەکی دیکە و لە عێراقیش لە چەند بلۆکێک کاری کرد و دواتر دای بە کۆمپانیایەکی دیکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە وەک ئێستا ھەڵڵایەکی ڕاگەیاندنی بۆ کراوە، گوایە شەریکاتەکان دەکشێنەوە، نەخێر، بەس ئەو کۆمپانیایە بووە کە لە چەند بلۆکێک کاری کرد و دواتر داویەتی بە کۆمپانیایەکی دیکە و ئەوەیش ھی چەند ساڵ پێش ئێستا بووە و بەپێی گرێبەستیکی قانوونی کۆمپانیاکان و بە ئاگاداری حکوومەت بووە.

لەبارەی ھەنگاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقیشەوە سندی رایگه‌یاندووه‌: بەداخەوە ئەوەی دەکرێت بەتایبەت لە لایەن وەزیری نەوتی عێراق و ھەندێک لە سیاسییە عێراقییەکانەوە بە پشتیوانی دەرەکییە و جۆرێکە لە فشاری سیاسی کە دەیانەوێت لەسەر کوردستانی بکەن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: بەداخەوە ئێستا ھەندێک پەرلەمانتاری یەکێتی، یان لایەنەکانی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەبێت دامەزراوە نەوتییەکانی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەڕێوە ببرێت، ئەمە دروست نییە و بەپێچەوانەوەی ئەو دەستوور و یاسایانەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و ئەم دامەزراوە نەوتییانەی کوردستان کە بەپێی دەستوور و قانوونی پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت ناکرێت دووبارە دژی ئەو یاسایانەی خۆت دەنگت لەسەریان داوە، بوەستیتەوە.

گوڵیزار سندی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووه‌: بواری ئەمنی و ئارامیی کوردستان لەبارە و گرنگە بۆ ئەوەی شەریکاتی گەورەی بواری نەوت وەبەرھێنان بکەن لە کوردستان و بەشداریی کاک مەسروور بارزانی لە کۆنفرانسی وزە لە ئیمارات گرنگ بوو، چاومان لەوەیە کە ئیمارات و ئەو کۆمپانیا نەوتییە جیھانیانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی کار دەکەن لە کوردستان ڕۆڵیان ھەبێت و ڕۆڵیان دیار بێت، گرنگە ئەو گرفتانەی لە بواری نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازدا بە ھاوبەشی ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت و ناکرێت ئەو بنەما ھاوبەشانەی لە بواری نەوتدا ھەیە لەلایەن بەغداوە بە تاکلایەن بڕیاری لەسەر بدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.