Erbil 38°C سێشەممە 15 تشرینی یەکەم 09:17

ئەمشەو مانگگیران لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەرەبەیانی سبەی دووشەممە مانگگیران ڕوو دەدات، بڕیارە لە هەرێمی کوردستانیش ببینرێت، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی وێنەگرتنی فەلەکییەوە دەبێت.

ئەژی چەتۆ سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێش هەڵاتنی خۆر لە بەرەبەیانی سبەی دووشەممە كاتژمێر 04:32دا، مانگ دەكەوێتە نێو ناوچەی نیمچە سێبەری زەوی، بەڵام تەنها بۆماوەی 21 خولەل دیاردەی (مانگگیرانی نیمچە سێبەر) ڕوو دەدات و لە كاتژمێر 04:55 ی بەیانی مانگ لە ئاسۆی رۆژئاواوە ئاوا دەبێت و چیتر ناتوانین بیبینین.

ڕاشیگەیاند: لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقیا و كەنەدا، دیاردەكە لەسەر شێوەی مانگگیرانی نیمچەیی دەبینرێ و بەپێی شوێنی جوگرافیان تەنیا بەشێكی مانگ دەكەوێتە نێو ناوچەی سێبەری تەواوی زەوی، بۆیە تەنها بەشێكی مانگ دەگیرێت نەوەک تەواوی گۆییەكەی، بەڵام تەواوی ئەو دیاردەیە بەهیچ شێوەیەک لە وڵاتانی ناوەڕاست و باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تەواوی كیشوەری ئوستراڵیادا نابینرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە "باشترین ناوچە بۆ بینینی دیاردەی مانگگیرانی تەواو، تەواوی كیشوەری ئەمریكای باشوور و ڕۆژئاوای ئەمریكای باكوور دوورگەكانی نێو زەریای ئەتڵەسی و ڕۆژئاوای زەریای هێمن دەبێت و لەو ناوچانە مانگ بە تەواوی دەگێری و لە دەستپێك تا كۆتایی 5 كاتژمێر و 18 خولەكی پێدەچێت كە تیایدا مانگ دەچێتە نێو ناوچەی ناسراو بە (سێبەری تەواوی زەوی – Umbra) و ئەوێش تاریكترین بەشە لە سێبەری زەوی.

سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسی ئاماژەی بەوەش داوە کە یەكەم دیاردەی ئەمساڵ لە 2022.4.30 ڕووی دا كە خۆرگیرانێكی نیمچەیی بوو و هەرێمی كوردستانی نەگرتەوە، ئەمەشیان دووەمینە، بەڵام لە 2022.10.25 خۆرگیرانێكی نیمچەیی ڕوو دەدات و لە هەرێمی كوردستانیشدا دەبینرێ، پاشان مانگ گیرانێكی دیكەی تەواو لە 7/8ی تشرینی دووەمی 2022 ڕوو دەدات و لە كوردستاندا نابینرێت. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.