Erbil 38°C سێشەممە 15 تشرینی یەکەم 01:21

بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ:شاژنی هەنگ كە لەئێرانەوە بە رێگای قاچاغ دێت تەلقیحی دەستكردە و باش نییە

کوردستان TV
100%

ماوەی چەند ساڵێكە شاژنی هەنگ لە دەرەوە هاوردە دەكرێت و ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی هەنگەوانان و پێیان وایە شاهەنگی بیانی دەبێتە هۆی گۆڕینی بۆهێڵەكانی هەنگەكە و لەمبارەیەوە هەنگەوان سەربەست قادر گوتی: بەداخەوە ئێستا مەلیكەی فرەڕەچەڵەك دەهێندرێتە هەرێمی كوردستان، گۆڕینی رەچەڵەكی هەنگ پێویستی بە چەند ساڵ توێژینەوە و بەدواداچوون هەیە، چونكە كە رەچەڵەك بگۆڕدرێت وا دەكات كە جیناتی هەنگەكە هەمووی بگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی لە كوردستان هیچ هەنگەوانێك شوێنی تایبەت بەخۆی نییە كە 10 كیلۆمەتر مەودا لە هەنگەڵانەكەی دیكەوە دوور بێت، بۆیە ئەمە وایكردووە كە كەسێك رەچەڵەكێكی خراپ دەهێنێت ئەوا دراوسێكانیشی وێران دەكات، چونكە دیار نییە ئەم مەلیكەیە چۆن پیتێندراوە".
هەروەها گوتی:  هاوردەكردنی مەلیكە لە هەموو دونیا یاسا و رێسای خۆی هەیە لە حكوومەتی عێراق و هەرێمیش یاسایەكی تایبەت بەم بوارەوە هەیە، بەداخەوە دەتوانم بڵێم پار چەندەها هەزار مەلیكە لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم كراون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بتەوێت مەیلەكەیەك لە ئەڵمانیاوە هاوردە بكەیت ئەوا تێچووەكەی نزیكەی هەزار دۆلارە، بەڵام ئایا هۆكار چییە مەلیكەی دیكە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت كە تێچووەی تەنیا بیست هەزار دینارە.
سەربەست قادر دەشڵێت :خراپییەكەی بە ساڵێك و دوو ساڵ بەدیار ناكەوێت، چونكە ئەو مەلیكەیەی هاوردە دەكرێت وا دەكات جیناتی ئەو هەنگە بگۆڕێت، ئەمەش كاتی دەوێت، ئێمە وەكو خۆمان دەتوانین خراپی ئەو مەلیكانە بزانین كە بریتییە لەوەی لە رووی پیتاندنەوە بەرگەی یەك ساڵ گەرا دانان دەگرێت، گەرا دانان بۆ یەك رۆژ دەبێت هەزار و 500 گەرا بێت، ئەگەر لەو رێژەیە كەمتر بوو كەواتا خراپە.
لەلایەن خۆیەوە فاخیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری پاراستنی رووەك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان، گوتی: بەپێی یاسای عێراقی، هاوردەكردنی مەلیكە قەدەغەیە، ئەوەی ئێستا هاوردە دەكرێت بە رێگای قاچاغەوە دێت، چونكە لە سەرەتای ئابی 2020وە هاوردەكردنی هەنگوینیش قەدەغەكراوە، واتا هەم هەنگ و هەم هەنگوین قەدەغەیە هاوردە بكرێن.
گوتیشی: لەئێستادا تەنیا مێش بە رێگای بەستەبەندەوە رێگاپێدراوە هاوردە بكرێت، واتا شانەی لەگەڵدا نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەستەبەندەكانیش مەلیكەی تێدایە بۆیە داومان كردووە كە هاوردەی ئەوەش كە لە وڵاتی میسرەوە دێت قەدەغە بكرێت، چونكە هەنگێكی باش نییە و لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان ناگونجێت.
لەبارەی كوالێتی ئەو شاژنەی بە رێگای قاچاغەوە هاوردە دەكرێت، فاخیر ئەحمەد گوتی: ئەوەی لە ئێران دێت تەلقیحی دەستكردە و ئەمەش باش نییە، چونكە هەر ساڵی یەكەم كاردەكات و دواتر مێشەكە خراپ دەبێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر هەنگوینەكە دەكات، هاوكات ئێمە وەكو وەزارەت بەدواداچوون دەكەین، بەڵام بەداخەوە، دەبینین كە رێنماییەكانی ئێمە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.