ئەمڕۆ سێشەم بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامدرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داراییەی لەماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین درووستبووە تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە؛ ئەرکی لە پێشینەی حکوومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێوی هاووڵاتییان و حکوومەت بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات و ئەرک و بەرپرسیارێتی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی هەرێم بێت.
پاشان هۆکارەکانی کورتهێنان و کێشە داراییەکان و پێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانەڕوو، و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان کردەوە کە؛ حکوومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێم دەکات و بەرپرسیارێتی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێم وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە.
بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجی مووچە لە پێش هەر خەرجییەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمانکاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هەمئاهەنگی پارێزگاکانی سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان و گەیشتن بە ڕاست و دروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.