ئاژانسی نیشتمانیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریكی (ناسا) بڵاویكردەوە، بە مەبەستی پێوانی كاریگەرییەكانی تیشكدانەوە، دوو بووكەڵە كە لە شێوەی ژن درووستكراون رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات.
بەپێی ماڵپەڕی گیزمۆدۆ كە زیاتر هەواڵی زانست و تەكنەلۆجیا بڵاودەكاتەوە، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئارتمیس كە ئامانج لێی ناردنی مرۆڤە بۆ سەر مانگ لە ساڵی 2025دا، ئەم هاوینە دوو بووكەڵەی لێكچوو كە شێوەی جەستەیان وەكو جەستەی ژن درووست كراوە، رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكرێن.
ئەوەش راگەیەندراوە، دوو بووكەڵە لەیەكچووەكە كە بە ناوەكانی هێلگا و زۆهار-ە و لەلایەن ناوەندی فڕۆكەوانیی ئەڵمانیا كە هاوبەشی ناسایە درووستكراوە، زانیاریی لەسەر دۆخی خانمان تۆماردەكات كە تیشكەكانی بۆشایی ئاسمان زیاتر كاریگەرییان لێدەكات.
ئێسك، شانە نەرمەكان و ئەندامەكانی دیكەی جەستەی هێلگا و زۆهار لە ماددەیەك درووستكراوە رێك وەكو ئەندامەكانی جەستەی خانمێكی پێگەیشتووە و زیاتر لە 10 هەزار هەستەوەری ناچالاك و 34 ئامێری دیارییكردنی تیشكی چالاك لەخۆ دەگرن.
لە ماوەی گەشتی دوو بووكەڵەكە كە شەش هەفتە دەخایەنێت، لێكۆڵینەوە دەكرێت لە بەركەوتنی تیشك كە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، بە تایبەتی لای ئەو خانمانەی كە دەچنە بۆشایی ئاسمان زیاد دەكات و ئەم لێكۆڵینەوەیە هاوكاری كارەكانی ناسا دەكات كە ماوەیەكی زۆرە ئامانجیانە مرۆڤ بۆ سەر مەریخ بنێرن.
لە رێگەی گەشتی ئەزموونیی ناسا كە ناوی ئارتمیس-1ی لێنراوە، لە ماوەی ئەمساڵدا كەشتیی ئاسمانیی ئۆریۆن لە ناوەندی بۆشایی ئاسمانی كێنێدی لە فلۆریداوە گەشتێكی ئەزموونی بە مەبەستی سووڕانەوە بە چواردەوری مانگدا ئەنجام دەدات.
ئەگەر كارەكان بەپێی پلان بەڕێوەبچێت، ئەوا بۆ یەكەم جار لە دوای ئاپۆڵۆ 17 لە ساڵی 1972وە ئەركی ئارتمیس-3 لە ساڵی 2025دا مرۆڤ بۆسەر مانگ دەگوازێتەوە
ناسا دوو بووكەڵە رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.