Erbil 38°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 13:19

چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین ؟ 

لە رێگای هەواوە ناگوازرێتەوە بەڵكو لە رێگای خوێن و شلەكانی دیكەی لەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكەوە دەگوازرێتەوە.
کوردستان TV
100%

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی گەنەیەكەوە كە ڤایرۆسەكەی هەڵدەگرێت لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە نیشانەكانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناكەوێت، بەڵام لە مرۆڤدا نیشانەكان دەردەكەون و تا ئێستاش چەند حاڵەتێك لە عێراق و حاڵەتێكیش لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.
دكتۆر سەیفەددین محێددین ،بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، لەبارەی تای خوێنبەربوون گوتی: "تای خوێنبەربوون نزیكەی 25 ڤایرۆسە، ئەو جۆرەی لەلای ئێمە بوونی هەیە پێی دەڵێن 'crimean congo hemorrhagic fever' كە لە رێگای گەنە یان قڕنە دەگوازرێتەوە، بەشێوەیەكی گشتی لەسەدا 70ی ئەم نەخۆشییە بە رێگای گەنە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە نیشانەكانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناكەوێت، بەڵام كاتێك مرۆڤ ئاژەڵەكە سەردەبڕێت یان بەخێوی دەكات لە رێگای ئەو گەنەیەوە دەگوازرێتەوە".
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، لەبارەی نیشانە سەرەتاییەكانی نەخۆشییەكەوە گوتی: "نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە بریتیین لە تا، بێهێزی، ژانەسەر، بێتاقەتی، رشانەوە و ئازاری جەستە، دواتر نیشانەكان دەگۆڕدرێن و نیشانەكانی خوێنبەربوون دەست پێ دەكات بەجۆرێك لەژێر پێست پەڵەی شین دەردەكەوێت، رەنگی میز خوێناوی دەبێت و دواتریش لە لووتی خوێنپژان روودەدات، چاوەكانی سوور هەڵدەگەڕێن و هەرچی بۆشایی ناو لەشی هەیە خوێنی تێدەزێت".
دكتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم نەخۆشییە لە رێگای هەواوە ناگوازرێتەوە بەڵكو لە رێگای خوێن و شلەكانی دیكەی لەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكەوە دەگوازرێتەوە.
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، باس لەوەش دەكات كە ئەم نەخۆشییە پێش 42 ساڵ بۆ یەكەمجار لە عێراق دەست نیشان كراوە و لەمبارەیەوە دەڵێت "ئەم نەخۆشییە لە عێراق بۆ یەكەمجار  لە ساڵی 1979دۆزرایەوە، كاتێك ئافرەتێكی دووگیانیان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی یەرمووك لە بەغدا، دوای دوو رۆژ ئافرەتەكە گیانی لەدەست دا، دوو رۆژ دواتر پزیشكێك و پەرستارێك لە هەمان نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا و دواتر شەشی كەسی دیكەش تووشبوون، واتا ئەو ساڵە 10 كەس تووش بوون، ئیتر لەم ساڵە بەدواوە ئەم نەخۆشییە لە عێراق بڵاوبووەوە".
گوتیشی: "لە ساڵی 1989 من بۆخۆم ئەو نەخۆشەم بینیووە لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، لەوكاتەوە تا ئێستا 11 حاڵەتمان هەبووە لە ساڵی 2011 سێ حاڵەتمان هەبوو كە هەر سێ حاڵەت چاكبوونەوە، بەگشتی توێژینەوەكان دەڵێن رێژەی مردن لەم نەخۆشییە لەسەدا 10 بۆ سەدا 40 دەبێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە رێژەی مردن لەسەدا 31 دەست نیشان كراوە".
دكتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی خۆپارێزی لە تووشبوون بەم نەخۆشییە گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆیە ئەوانەی بەركەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە وەك قەسابەكان و ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەكەن، زیاتر مەترسی تووشبوونیان هەیە، بۆیە قەسابەكان دەبێت دەستەوانە، جلوبەرگ و پێڵاوی تایبەت بەكاربهێنن، هەروەها چاویلكەش بەكاربهێنن، چونكە ئەگەر لەكاتی وردكردنی گۆشتەكەدا پارچەیەكی بچووك لە گۆشتەكە بپەڕێتە نزیك چاو، ئەوا ڤایرۆسەكە دەچێتە ناو چاو و تووشی نەخۆشییەكە دەبێت".
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، دكتۆر سەیفەددین محێددین گوتی: "پێشتر لە گوندەكان حەوزی تایبەت هەبوو كە دەرمانی تایبەتی تێدەكرا و ئاژەڵەكان بەناویدا دەرۆیشتن و هەرچی گەنە هەبوو ئەو دەرمانە دەیكوشت، ئێستاش عێراق بەنیازی دووبارەكردنەوەی هەمان بەرنامەیە، ئەو دەرمانە هەیە، بەڵام خەڵك كەمتر بەكاری دەهێنێت، بە بەكارهێنانی ئەم دەرمانە رێژەی ئەم ڤایرۆسە دادەبەزێت".
دكتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوەش دەكات كە وا باشترە گۆشتی ئاژەڵ راستەوخۆ نەخورێت بەڵكو لەناو ساردكەرەوە دابنرێت، ئەوەش دەخاتەڕوو كە بەهۆی كوڵانەوە راستەوخۆ ڤایرۆسەكە لەناودەچێت و گوتی: "وا باشترە كە ئەو گۆشتەی دەیكڕین راستەوخۆ نەخورێت، بەڵكو لە بەفرگر هەڵبگیرێت لە چوار تا هەشت پلەی سەدی، ئینجا دوای 24 كاتژمێر بخورێت، هەرچەندە ڤایرۆسەكە بە كوڵاندنی 100 پلەی سەدی لەناو دەچێت، بەڵام باشتر وایە گۆشت راستەوخۆ نەخورێت".
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، دكتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی كاتی سەرهەڵدان و نەمانی ئەم ڤایرۆسەوە گوتی: "ئەوەی پێشتر بینیوومانە ئەم ڤایرۆسە لە وەرزی هاوین دەردەكەوت لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلوول، بەڵام ئەو حاڵەتەی ساڵی 2020 لە هەولێر هەبوو لە مانگی نیسان بوو، پێدەچێت گۆڕانی ئاووهەوا بووبێتە هۆی گۆڕینی وادەی دەركەوتنی ڤایرۆسەكە".
دكتۆر سەیفەددین محێددین بە پێویستیشی دەزانێت كە شوێنە نایاساییەكانی سەربڕینی ئاژەڵ نەهێڵدرێت و جەخت لەوەش دەكاتەوە كە تیمەكانییان دەستیان كردووە بە پشكنینی شوێنەكان و گوتی: "دەبێت شوێنی سەربڕینی نایاسایی دابخرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەكانی چاودێریی تەندروستیی خۆراك لە پێش جەژنەوە دەستیان بە پشكنین كردووە كە ئاژەڵ لە گەڕەكەكان سەر نەبڕدرێت و چاودێری دوكانی گۆشتفرۆشییەكانیش دەكرێت".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.