تۆمەتبارێک کە لە سنووری باشماخ زیاتر لە 10 کیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەری هاوردەی هەرێمی کوردستان کردبوو، لەلایەن بنکەی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرای کرد کە "دوای بەدواداچوون و چاودێرییەکی ورد لەلایەن بنکەی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە شاری هەولێر توانیان دەست بەسەر بڕی 10 کیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاکدا بگرن."
ئەوەشی خستەڕوو کە "ئەو بڕە ماددەیە لەناو ئامێرێکی ( هزە )دا بەشێوەیەکی شارەزا شاردبویەوە و لەسنووری باشماخ هاوردەی هەرێمی کوردستانی کردبوو."
ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕی ماددە هۆشبەرەکە تۆمەتبارێک بەناوی (س ـ ف ـ ق) دەستگیر کرا، تۆمەتبارەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.