پارێزگاری هەولێر لەمیانی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ ئەندامێکی لیژنەی سەربازی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووەوە و ئەو ئەندامەی کۆنگرێس، خەبات و گیانفیدایى پێشمەرگە و ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانى لەشەڕى دژ بەتیرۆریستانى داعش بەرز نرخاند.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بەیاوەرى بەیان سامى عەبدولڕەحمان نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا، لە چوارچێوەى سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەککگرتووەکانى ئەمریکا لەگەڵ ڤیکی هارتزلەر ئەندامی لیژنەی سەربازی لە کۆنگرێسى ئەمریکا کۆبۆوە.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکە پارێزگارى هەولێر جگە لەوەى جەختى لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، باسى لەبارودۆخى عێراق بەگشتى و پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بۆ لەناوبردنى یەکجارەکى داعش کرد و تیشکى خستە سەر دۆخى سیاسى و ئابوورى و مرۆیى و ئەو ئارامى و ئاسایش و پێشکەوتنانەى لەهەرێمى کوردستان بەرقەرارە. هەروەها پارێزگارى هەولێر گرنگیدان و پابەندبوونى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ئاشتى و پێکەوەژیان و پاراستنى تەواوى پێکهاتە ئایینە جیاوازەکان لە هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هەر لە کۆبوونەوەکە هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى دۆخى ئاسایشى عێراق و هاوپەیمانێتى لەگەڵ هێزى پێشمەرگەى کوردستان و ڕێگەکانى سنووردارکردنى جموجۆڵى تیرۆرستانى داعش کرد، لەمبارەیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى ئهمهریكا بۆ ههرێمى كوردستان، بهردهوامیى پشتگیریى ئەمریکاى بۆ ههرێمى كوردستان به پێویست زانى و لەپێناو سەقامگیربوونی ناوچەکە جەختى لە گرنگی پشتیوانیی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆرستانى داعش و نههێشتن و لهناوبردنى یهكجارهكیى داعش کردەوە.
هەروەها ڕایگەیاند: لەلایەن خۆیەوە ڤیکی هارتزلەر ئەندامی لیژنەی سەربازی لە کۆنگرێسى ئەمریکا، خەبات و گیانفیدایى پێشمەرگە و ڕۆڵى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانى لەشەڕى دژ بەتیرۆریستانى داعش بەرز نرخاند.
ئاماژەی بەوەش دا کە باس لە پەیوەندییە ئابوورییەکان و دۆخى ئابوورى هەرێمى کوردستان و دەرفەتى کارى هاوبەش لەنێوان کۆمپانیاکانى ئەمریکا و هەرێمى کوردستان کرا، جەخت لە ئالوگۆڕى بازرگانى و دۆزینەوەى دەرفەتى کار بۆ کۆمپانیاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و سوودوهرگرتن لە ئهزموونی ئهم وڵاته بۆ زیاتر پێشكهوتنی ههولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کرایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.