وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان لەبارەی کلیپێکەوە نووسراوێک ئاراستەی کەناڵە میدیاییە بیستراو و بینراوەکان دەکات و ئاگادارییان دەکات کە پەخشکردنی قەدەخەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی گشت میدیا بیستراو و بینراوەکان کرد و تێیدا هاتووە "پاڵپشت بە بڕگەی سێیەم/ ماددەی سێیەم لە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014/ـی تایبەت بە فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بە سکاڵای هاووڵاتییان چەند ڕۆژێکە کلیپێک لەلایەن گۆرانیبێژ (کۆمسای) لەژێر ناونیشانی (slaw bitch) بڵاوکراوەتەوە کە کارێکی زۆر نەشیاوی دوور لە نەریتی گشتییە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لە ڕووی دەق و هونەری میوزیک و میلۆدیشەوە زۆر لاواز و بێبنەمایە و هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و بێڕێزیکردن بە ئایین و دابونەریتی کوردی."
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە میدیاکان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت "میدیا بیستراو و بینراوەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە خۆیان بپارێزن لە نمایشکردنی ئەم کلیپە ئاست نزمە."
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە "پابەندبوونتان بە خۆپاراستن لە نمایشکردنی لەم شێوەیە، خزمەتە بە کۆمەڵگەکەمان و باشترین گوزارشتیشە بۆ ئاستبەرزی میدیاکەتان، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر میدیاکەتان دەگرینەبەر."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.