Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 21:25

شرۆڤەکارێكی سیاسی: داواکاریی نێچیرڤان بارزانی عێراق لە کێشەی گەورە ڕزگار دەکات

کوردستان TV
100%

 بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار لەسەر دوو داواکاریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بدات لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و، شرۆڤەکارێکی سیاسییش پێی وایە ھەردوو داواکارییەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەنجومەنی ئاسایش گرینگیی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ھەردوو پرسی ھەڵبژاردن و خاک و سامانە سروشتییەکان دەبێت.

د. عومەر نوورەدینی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەردوو بابەتی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە ڕووبەڕووی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی کراونەتەوە، گرینگن و ھەنگاوەکە لە شوێنی خۆیدایە، بە درێژاییی مێژووی عێراق چارەسەرنەکردنی عادیلانەی دۆزی گەلی کوردستان و یەکلاکردنەوەی کێشە گرینگەکانی وەک کێشەی خاک و سامانە سروشتییەکان ھۆکارێک بوون لە ھۆکارەکانی لاوازیی دەوڵەتی عێراق و بەردەوامیی توندوتیژی و مانەوەی عێراق لەنێو ھەڕەشەی گەورەدا، بەرپرسیاریەتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدار و نوخبە سیاسییەی بە درێژاییی مێژوو لە بەغدا خاوەنی دەسەڵات بوون.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، یان ئەوانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوورەوە، کاریگەریی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت، ھەروەھا لەسەر نەمانی ھۆکارێکی گرینگ لەسەر نەمانی ھەڕەشە بۆ سەر عێراق، بایەخدان بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نێوخۆی وڵاتانیش لە سەردەمی ئێستادا ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، کە کار بۆ ئەوە بکات لە ڕێگەی دانوستانی نیشتمانی و ناوخۆییی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ لە ڕێگەی دەستوور و لێکتێگەیشتن پرسی ماددەی 140 و ناوچە کوردستانییەکان یەکلا بکرێتەوە، ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورە بۆ عێراق چارەسەر دەکات و عێراق بەھێز دەکات.

لەبارەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانەوە د. عومەر نوورەدینی ڕوونی کردەوە: "ئاشکرایە ڕۆژی 6 ى 11 ى 2022، ماوەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی یاسایییەوە کۆتاییی دێت و بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت، بەوەیش لە ڕێگەی گەلەوە شەرعیەت بۆ حکوومەت نوێ بکرێتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەڵەوتی گرینگیی خۆی ھەیە، ھەموو وڵاتانی زلھێز و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیان ڕاگەیاندووە، پێویستە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، پشتیوانیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان و ھەم بۆ دابینکردنی پێداویستیی ھەڵبژاردن دەبنە ھۆکارێکی یاریدەدەر، تا ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات لە کاتی خۆیدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.