لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داھات و خەرجییەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە پێک ھێندراوە، ئەندامێکی لیژنەی داراییش رایدهگهێنێت، ئەوە ھەنگاوێکی باشە و دەبێتە ھۆی ڕێکخستنی داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەش دەکرێت و دابەشکردنی مووچەش خێراتر دەکات.
ئەرشەد حوسێن ئهندامی لێژنهی دارایی پهرلهمانی كوردستان به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: ئەو ھەنگاوەی حکوومەت گرتوویەتییە بەر زۆر باشە و دەبێتە چارەسەر بۆ ئەو بەربەستانەی دێنە پێش حکوومەت، بەتایبەت لە پێدانی مووچە و پێم وایە ھەنگاوێکی باشە و دەبێتە ھاوکار بۆ حکوومەت بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و مووچەش لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی کردەوە: ڕێکخستنی داھاتی ناوخۆ بکرێت، 100% کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، بۆیە پێکھێنانی لیژنەیەک بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ لێکۆلینەوە لە داھاتی سلێمانی و ھەڵەبجە زۆر گرنگە و ھەنگاوێکی ئیجابییە.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە واژووی وەزیری داراییی لەسەرە، ئاماژە بە کۆبوونەوەی ڕۆژی 16-5-2022، لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە کێشەی داھات و خەرجییەکانی لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین و، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بریاری پێکھێنانی لیژنەیەک درا.
بەپێی ھەمان نووسراو، لیژنەکە بەدواداچوون دەکات و ڕاپۆرتێک لەم بارەیەوە ئامادە دەکات، پێویستە گشت دامودەزگاکانی حکوومەت ھاوکاریی تەواوی لیژنەکە بکەن و داتا و زانیاریی پێویست بخرێنە بەردەست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.