پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ سێشەممە لە زاخۆ هێرشی کردە سەر تاوەری دهۆک تیڤی و ڕادیۆی دهۆک.
ناجی ئەحمەد بەڕێوەبەری تەکنیکی لە ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی ڕایگەیاند: پەکەکە لە هێرشێکدا دوو مووشەکی ئاراستەی تاوەری دهۆک تیڤی و ڕادیۆکەی کرد.
ڕاشیگەیاند: هێرشەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی ماددی زۆر هەیە و چەندین ئامێر تێکشکاون.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی دهۆک تیڤی لە زاخۆ وەستاوە.
ئەم هێرشەی پەکەکە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی سەرکۆنە کرا و جەختکرایەوە کە کارێکی تێکدەرانەیە.
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند: ئەم کردەوە تێکدەرانە و تیرۆریستییە بە تووندی شەرمەزار دەکەین.
ڕاشیگەیاند: ئەنجامدەرانی ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو دەزگا میدیاییە نیشانەی شارستانییەت و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانە، خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەکات، هیچ مەترسییەک بۆ هیچ لایەنێک دروست ناکات و هیچ بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی ئەو دەزگایە نییە. جەختیشی کردۆتەوە کە "ئەم جۆرە کارانە دەنگ و ڕەنگ و پەیامی ئێمە ڕاناگرێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "هیوادارین پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، گۆڕەپانی خۆی بزانێت و لەو شوێنەدا چاڵاکی ئەنجام بدات. دەشڵێت کە ڕووبەری باکوری کوردستان مەزنترە و چیاکەشی بەرزترە."
ناوەندی خانی ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم جۆرە کارانە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە و خزمەتی دوژمن و داگیرکاری کوردستان دەکات، کاتی هاتووە پەکەکە دەست لە هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت و لەو شوێنانە چالاکی ئەنجام بدەن کە پێویستیان بە خەبات و ڕزگارییە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.