Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 07:24

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا دەكات

کوردستان TV
100%

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25/5/2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بە سەرۆكایەتیی ناتالی لۆیزۆ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە لە نزیكەوە ئاگاداربوونی دۆخی ناوچەكەیە و گرنگیی سەقامگیریی ناوچەكەیان بۆ ئەورووپا باس كرد و ڕۆڵ و قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كوردستانیان لە ڕوبەڕووبوونەوەی داعش و تێڕوانینی واقعییانەی هەرێمی كوردستان بۆ دۆخی ناوچەكە بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكاری و هاریكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی سەختی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ناوچەكانی ماددەی سەد و چل بەرز نرخاند و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانیش، بەردەوامیی هاریكاری و پشتیوانیی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، بە پێویست زانی.
دەربارەی كێشەكانی نێوان هەولێر ـ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستووری عێراق و گفتوگۆ كردەوە و پوختەیەكیشی دەربارەی دیدگای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەكە خستە ڕوو كە دەخوازێت فاكتەری سەقامگیری و ئارامیی ناوچەكە بێت و كێشەكانی ناوچەكە بە ڕێگەی لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن.
پرۆسەی سیاسیی عیراق و بڕیارەكانی دادگای فیدرالی ، هاوكاریی وڵاتانی ئەورووپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەرباسبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی ئێستای عیراق، لێكەوتەكانی شەڕی ئۆكراینا، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، پرسی مافەكانی مرۆڤ و هاوسەنگیی جێندەری، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو كە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەلجیكا نوێنەری نووسینگەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.