Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 07:21

ڕاگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

جەختیان لە هاوكاری و پاڵپشتیی هەردوولا بۆ حكوومەتی هەرێمی كورستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بەردەوامیی ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە یەكتر كردەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چواشەممە 25/5/2022 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوە چوو. 
لە كۆبوونەوەكەدا ڕاشكاوانە پەیوەندییەكانی هەردوولا و دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان و زەمینەی هاریكاریی هاوبەش و كاری پێكەوەیی، تاوتوێ كرا.
هەردوولا جەختیان كردەوە كە دوای دەستپێشخەری و سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سلێمانی، زەمینەیەكی لەبار بۆ گفتوگۆ و ئاساییكردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و كاركردن بۆ گێڕانەوەی متمانەی نێوان هەردوولا و هاریكاریی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە ڕێگەی لێكگەیشتن و گفتوگۆوە، هاتووەتە ئاراوە.
هەردوولا بڕیاریان دا كە بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی وەك پرەنسیپی كاری پێكەوەیی بەردەوام بن، هەروەها لیژنەیەكی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا بێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەختیان لە هاوكاری و پاڵپشتیی هەردوولا بۆ حكوومەتی هەرێمی كورستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بەردەوامیی ڕاگرتنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی دژ بە یەكتر كردەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.