Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 07:21

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كۆبوونەوە

کوردستان TV
100%

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و هوشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە قەزای پیرمام پێشوازییان كرد لە مارك ریچاردسۆن باڵیوزی بەریتانیا لە عێراق و دەیڤید هەنت كونسولی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان. هوشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئامادەی دیدارەكە بوو.
لە دیدارەكەدا فازل میرانی و هوشیار زێباری سوپاسی حكومەتی بەریتانیایان كرد بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش پێشوازییان لە سەرۆكی حكومەت لە لەندەن و گرنگی دانی زۆر بە سەردانەكەی.لە تەوەرەێكی تردا باسی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان پارتەكان و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم كرا. 
 سكرتێری مەكتەبی سیاسی جەختی لەسەر هەڵوێستی پارتی كردەوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئاماژەشی دا بە كۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەكێتی لای سەرۆكی هەرێم و هیواشی خواست هەردوولا بگەنە رێككەوتن دەربارەی هەڵبژاردن و كێشەكانی تر.هەروەها پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و هەوڵەكانی هاوپەیمانی سێ قۆڵی بۆ پێكهێنانی حكومەت بۆ شاندی میوان روونكرایەوە.
 باڵیوزی بەریتانیا لە كۆبوونەوەكەدا دایەلۆگی نێوان پارتی و یەكێتی بە گرنگ زانی و هەڵوێستی وڵاتەكەی خستە روو دەربارەی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا.
هەروەها دەربارەی پرۆسەی سیاسی عێراق باڵیۆزی بەریتانیا ئەوەی خستە روو كە ئەوان دەستوەردان ناكەن، بەڵام رۆڵی پۆزەتیڤ دەبینن بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و نەهێشتنی كۆسپەكان، چونكە عێراق پێویستی بە سەقامگیرییە و گەلی عێراق پێویستی بە كارو پرۆژەی خزمەتگوزاری هەیە.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی سوپاسی كونسولی گشتی بەریتانیای كرد بۆ رۆڵی كاریگەری لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەرتیانیاو هەرێمی كوردستان.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.