بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستگیرکردنی پیاوێکی بەتەمەن و ئافرەتێکی بە دوو تاوانی جیاواز ڕاگەیاند، پیاوەکە بە تاوانی هەڵخەڵەتاندنی کچ و ئافرەتەکەش بەتاوانی دزیکردن دەستگیر کراوە.
هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: لە دوو تاوانی جیاوازدا، دوو تۆمەتبار پیاوێکی بەتەمەن و ئافرەتێک دەستگیرکران.
ئاشکرای کرد کە لە تاوانی یەکەمدا کەسێکی بەتەمەن خۆی وەک کارمەندێکی ڕاگەیاندن ناساندووە و لە ڕێگەی وێنەی گەنجێکەوە پەیوەندی لەگەڵ چەند کچێک دانابوو، دوای ئەوەی گەنجەکە داوای یاسایی تۆمار کرد، توانرا شوێنی نیشتەجێبوونی دیاری بکرێت و دەستگیر بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکە نا و باسی لەوە کرد کە پەیوەندی لەگەڵ چەند کچێک داناوە، ئێستاش بەپێی ماددەی 2ـی مۆبایل بەندە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هەروەها گوتی: ئافرەتێک کە دانیشتووی دەرەوەی شاری هەولێرە، هاتووەتە شاری هەولێر بۆ ئەنجامدانی دزیکردن لە بازاڕەکانی شارەکە، بەتایبەت بازاڕی لەنگە.
گوتیشی: حەوت داوای یاسایی لەسەر تۆمار کراوە و ئەو ئافرەتە بەپێی دانپێدانانی خۆی بڕێک پارە و 7 مۆبایلی دزیوە.
گوتەبێژی پۆلیس جەختیشی کردەوە کە ئێستا ئافرەتەکە دەستگیر کراوە و ڕێڕەوی یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵی گیراوەتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.