پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی دەستگیرکردنی 5 تۆمەتباری ڕاگەیاند کە هەڵساون بە ڕفاندن و بریندارکردنی کەسێک.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزووری سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور پێنج تۆمەتباریان دەستگیركرد بە تۆمەتی ڕفاندنی هاووڵاتییەک و برینداركردنی."
ئەوەشی خستەڕوو کە "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سكاڵای لە بەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمار كرد كە لەلایەن چەند كەسێكەوە ڕفێنراوە و ئازار دراوە و بریندار كراوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور لێكۆڵینەوەكانی دەست پێ كرد و توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 کاتژمێر سەرجەم تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن.
هەروەها ڕایگەیاند: هـ . ع . م لەدایكبووی 1988، ئـ .ئـ . ر لەدایكبووی 2002، ب. م. ح لەدایكبووی 2000، ئـ. تـ . ع لەدایكبووی 1999، ش. ت. گ لەدایكبووی 2004، بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە کە "دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە هۆكاری ڕفاندنی سكاڵاكار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سكاڵاكار پاسەوانی باخچەیەكە و یەكێک لە تۆمەتباران درەنگانێكی شەو ویستوویەتی بچێتە ناو باخچەكەوە پاسەوانەكە ڕێگەی نەداوە، دواتر تۆمەتبار لەگەڵ چوار تۆمەتباری دیکە هەڵیانكوتاوەتە سەر سكاڵاكار و ڕفاندویانە و ئازاریان داوە و برینداریان كردووە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.