Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 23:20

تەندروستی جیهانی مژدەیەکی خۆش لەبارەی پەتای سوورێژەی مەیموون ڕادەگەیەنێت

کوردستان TV
100%

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) مژدەیەکی خۆشی ڕاگەیاند، جەختی کردەوە کە پەتای سورێژەی مەیموون هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا نابێتە پەتایەکی جیهانی.

عەبدولناسڕ ئەبوبەکر بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆپاراستن و ئامادەکاری بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخۆشی سوورێژەی مەیموون ڕووی نەداوە و نابێتە پەتایەکی جیهانی.

ڕاشیگەیاند: ڕێکخراوەکەمان هەوڵ دەدات هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتانەی شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە نەبووە، ئاشکرا بکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقیا بڵاوە، بەهۆی بوونی ئەو ئاژەڵانەی ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە، لەم وڵاتانەش هەندێکجار دەردەکەون و نامێنن، دەرکەوتنی حاڵەتەکان و بڵاوبوونەوەی بۆ وڵاتانی دیکە وایکرد هەڵوەستەی لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری بکەین."

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەش داوە کە تاوەکو 25ـی ئەم مانگە 157 حاڵەتی تووشبوون بە پەتای سوورێژەی مەیموون تۆمار کراوە، لەنێویاندا تەنها حاڵەتێکی پشتڕاستکراو لە ئیمارات تۆمار کراوە. جەختیشی کردەوە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک هەیە.

ڤایرۆسی سوورێژەی مەیموون لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا بڵاوبووەتەوە کە لە رێگەی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆوە دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی بریتین لە (تا، ئازاری ماسوولکە، هەڵاوسانی لیمفەکانی لەش، ماندووبوون و دروستبوونی خاڵی سوور لەسەر دەست و ڕووخسار)

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.