ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدهگهێنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی قەیرانی وزەی جیھانی بەپێی قەبارەی خۆی، بەڵام لەسەر حسابی ھیچ وڵاتێک نابێت، چونکە ئێستا قەیرانێکی وزە دروست بووە و نرخی نەوتیش بەپێی ئەو بارودۆخەی ھەیە، بەردەوام لە ھەڵکشاندا دەبێت.
دکتۆر بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، به ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: لەو قەیرانی وزەیەی بەھۆی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیاوە لە جیھاندا سەری هەڵداوە، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە و بەپێی قەبارەی نەوتی خۆی، ئەگەر ئەمنیەت ھەبێت و وڵاتانیش پاڵپشت بن ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرھەمی نەوتی خۆی زیاد بکات و ھاوکار بێت بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی بۆ کەمیی وزە دروست بووە، چارەسەر بکرێت و داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاد دەبێت، بۆیە دوو سوودی ھەیە؛ ھەم بۆ ھەرێم و هەم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وزە لە جیهاندا.
دکتۆر بێوار خنسی دهشڵێت: ئەوەی ھەرێمی کوردستان دەیکات لەسەر حسابی ھیچ وڵاتێک نییە و ھەریەکە و بە ڕێژەیەک بەشداری دەکات لە چارەسەرکردنی قەیرانی وزە لە جیھاندا، بۆیە ھەم ھەرێم سوود لەو ھەنگاوە وەردەگرێت و ھەم وڵاتان کێشەکەیان بەرەو چارەسەرکردن دەچێت.
باسی لەوەش کردووه: نرخی نەوت بەو شێوەیە بڕوات بەردەوام لەزیاد بووندایە و زیاتریش بەرز دەبێتەوە، چونکە ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە وا دەکات بەھۆی ململانێوە نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە، بۆیە دۆخەکە بە جۆرێکی لێ کردووە کە لێدوانێکی باش چەند دۆلارێک نرخی نەوت بێنێتە خوارێ و لێدوانێکی توند چەند دۆلارێک نرخی نەوت بەرز بکاتەوە، بۆیە ھەموو پێشبینییەکان وان کە نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوەیە، نەک دابەزین.
دکتۆر بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دهشڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی ئەمنییەت دابین بێت و حکوومەتێکی نوێ لە عێراق دروست بێت و یاسایەکی نوێی نەوت و غاز دەربکرێت و کەرتی نەوت ڕێک بخرێت و ئیدارەی کەرتی نەوت بکرێت کە لەگەڵ بنەماکانی دەستووری عێراق بگونجێت، ئەوەش دەبێتە ھێزێکی گەورە بۆ پێشخستنی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.