Erbil 38°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 17:31

ریاڵ مەدرید بۆ 14مین جار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا

کوردستان TV
100%


لەمیانی یاری کۆتایی وەرزی 2021-2022ی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا ((UEFA Champions League، یانەی ریاڵ مەدرید و لیڤەرپوڵ و لە یاریگای فەرەنسا لە پاریس-ی پایتەخت رووبەڕووی یەک بوونەوە.

لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا یاریزانانی یانەی لیڤەرپوڵ کۆنترۆڵی یارییەکەیان کردبوو. لە خولەکی 21دا یاریزانی یانەی لیڤەرپوول سادیۆ مانێ لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی یانەی ریال مەدرید کرد، بەڵام گۆڵپارێز تیبۆ کۆرتوا دوای ئەوەی تۆپەکە بەر ستوون کەوت توانی بەلێهاتووی خۆی کۆنترۆلی بکات.

لە خولەکی 43دا یانەی ریال مەدرید یەکەم هێرشی مەترسیداری خۆی لە یارییەکەدا ئەنجامدا دوای ئەوەی یاریزانی ئەستێرەی فەرەنسا، کەریم بەنزیمە، چووە ناو هێڵی سزا و لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد. لەکاتێکدا یاریزانانی ریال مەدرید ئاهەنگیان گێرا بەهۆی گۆڵەکەی بەنزیمە، بەڵام نابژیوانی یاری ئاڵاکەی بەرز کردوەوە و گۆڵەکەی رەتکردەوە. بەم جۆرە نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ تۆمارکردن کۆتایی هات.

لەگەڵ ئەوەی کە نیوەی دووەمی یارییەکەش لەژێر کۆنترۆڵی یاریزانانی لیڤەرپوڵدا بوو و چەندین جار هێرشی مەترسیداریان کردە سەر گۆڵی ریال مەدرید بەڵام گۆڵپارێز تیبۆ کۆرتوا بوو بە فریادرەسی یانەکەی، چەندین لێدانی بەهێزی گەڕاندەوە و پاریزگاری لەگۆڵەکەی کرد. هەرچی هێرشبەرانی ریال مەدرید بوون توانییان لەیەکەم هەلدا کە بۆیان رەخسا گۆڵ تۆمار بکەن.

لە خولەکی 59دا یاریزانی یانەی ریال مەدرید، ڤینیسیۆس جونیۆر لێدانێکی ئاراستەی گۆڵ کرد و ریاڵ مەدریدی بە گۆڵێک پێشخست. بەم جۆرە یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانەی شاهانە کۆتایی هات.

بەم سەرکەوتنەش یانەی ریال مەدرید توانی بۆ 14مین جار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بێنێت.

لەلایەکی دیکەشەوە راهینەری ئیتالیی یانەکە ، کارلۆ ئەنچیلۆتی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد، دوای ئەوەی توانی بۆ چوارەمین جار لەمێژووی را‌هێنەرایەتی کردنیدا نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەدەست بێنێت.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.