بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو پارتی و یەکێتی لەسەر کۆی پرسەکان کۆببنەوە و راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتیش رایدهگهێنێت، جگە لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان ھەموو لایەنەکان بەڕێوەدەچێت.
عارف روشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ھەموو کۆبوونەوەیەک بەرھەمی دەبێت، چونکە ئەنجام نەدانی کۆبوونەوە و لێک دوورکەوتنهوه ئەگەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەر ناکرێت و ھەر دەمێنێ، بەڵام کاتێک کۆبوونەوە دەکرێت بێگومان دەگەنە ئەنجامێک، کۆبوونەوەی رۆژانی رابردووی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەرئەنجامێکی ئەرێنی ھەبووە و بڕیار دراوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکە بەڕێوەبچن، دیارە لە ھەر کۆبوونەوەیەکدا دانوستان لەبارەی کێشەیەک دەکرێت، وەک پرسی ھەڵبژاردن و کێشەکان لەگەڵ بەغدا و پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دهشڵێت: پلان ئەوەیە دوای کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان ھەموو لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت لەژێر چەتری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.
عارف روشدی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووه: بڕیارە کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامبدرێن و گەشبینیشم بەوەی دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی ئەنجامی باشی دەبێت، چونکە ھەردوولایەن گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی پێویستە بگەنە ڕێککەوتن، بەپێچەوانەوە نەگەنە ڕێککەوتن ھەردوو لایەن و میللەتی ئێمەش زیانی بەردەکەوێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.