سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی 356 ملیار دینار دا بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ئاو لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە "لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لەبەر ڕۆشنایی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە و کەمکردنەوەی سیستەمی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە بە تانکەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی 356 ملیار و 674 ملیۆن و 144 هەزار دینار دا بە شێوەی نەختینە و قۆناخ."
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بڕە پارەیە لەسەر بوودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بۆ ساڵی 2022 خەرج دەکرێت.
ئاشکراشی کردووە کە ئەو پڕۆژانە بریتیین لە:-
یەکەم: چاکسازی لە ھێلەکانی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە لە (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، سۆران، دەوروبەری سلێمانی، دەوروبەری گەرمیان، کۆیە، ڕاپەرین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، زاخۆ و ئاکرێ).
دووەم: چاکسازی لە عەمبارەکانی پڕۆژەکانی ئاو( ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی سلێمانی، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی ھەڵەبجە، ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دھۆک، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی زاخۆ و ئاوی ئاکرێ).
سێیەم: دیزاین و دانانی سیستەمی پێشکەوتووی سکادا و دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیجی وێستگەی پاڵاوتن بۆ ( ئاوی ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سلێمانی، ئاوی دەوروبەری سلێمانی، ئاوی دەوروبەری گەرمیان، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دھۆک، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاوی زاخۆ).
چوارەم: دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ چاککردنەوەی پڕۆژەکان بۆ( ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر، ئاوی دەوروبەری ھەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی دەوروبەری سلێمانی ، ئاوی کۆیە، ئاوی ڕاپەرین، ئاوی دەوروبەری دھۆک، ئاوی کەلار و ئاوی ئاکرێ).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.