دەزگای گشتیی کاروباری مین سەربە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ھەشت ھەزار مین و تەقەمەنی جەنگیی لە باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر لەناوبردووە.
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی سەرجەم ئەو مین و تەقەمەنییە جەنگییانەی کە بوونەتە مەترسی بۆسەر گیانی ھاووڵاتییان و ژینگە و خاکی ھەرێمی کوردستان و ھاتووە "بۆ ئەم مەبەستە لە چالاکییەکەدا، ھەشت ھەزار مین و تەقەمەنی جەنگیی لە چاڵی تەقینەوەی چۆمبالۆکیان سەربە شاردەێی سمیلان لە قەزای چۆمان سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و بە دووری 140 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر لەناوبراون".
بەپێی راگەیەندراوەکە جێگری سەرۆکی دەزگای کاروبای مین، نیازی خالید رایگەیاندووە کە لەناوبردنی ئەو مین و پاشماوە جەنگییانە بایەخ و گرنگیی زۆری ھەیە و ژیانی ھەزاران کەسی پێ رزگار دەکرێت و رایگەیاندووە بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا لەسەدا 60ی خاکی ھەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی جەنگیی پاککراوەتەوە، ھێشتا لەسەدا 40ی رووبەری خاکی ھەرێمی کوردستان ماوە لە مین و تەقەمەنیی جەنگیی پاکبکرێتەوە.
نیازی خالید ئاماژەی بەوەیش داوە کە تیمەکانی سەربە دەزگای کاروباری مین لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی خاکی ھەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنیی جەنگیی پاک بکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.