جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان جه‌ختی له‌سه‌ر تەواوكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی ئه‌و ناوچانه‌ی له ڕووی ئه‌منییه‌وه سه‌قامگیر نین كرده‌وه.
لە چوارچێوەی گەشتە مەیدانییەکانی د. شاخه‌وان عەبدوڵا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پەرۆشی بۆ بەدواداچونی دۆسیەی ئەمنی و پشتیوانی ڕاستەوخۆی بۆ ئەو هەوڵانەی کە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات دراون، دوێنێ شەو سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد.
لەلایەن فه‌ریق روكنی یەکەم عەبدولئەمیر ئەلشەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێشوازی كرا له جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بۆ سەردانەكه‌ی.
لە میانی دیداره‌كه‌دا به تێر و ته‌سه‌لی پێشهاتەکانی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی بە گشتی و هەوڵی تایبه‌تی هێزە چەکدارەکان و ئەو قوربانییە گەورانه‌ی بۆ نیشتمان داویانە خرایه به‌رباس.
كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كان و چارەسەرکردنی پێشێلکارییە ئەمنییەکان و له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی حەشارگەكانی تیرۆریستانی داعش له‌گه‌ڵ رێكاره پێویسته‌كان بۆ ته‌واوكردنی پێكهێنانی لیوای 20 و بڵاوبونه‌وه‌ی به‌و ناوچانه‌دا كه باری ئه‌منییان سه‌قامگیر نییه؛ تاوتوێ كرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن رۆڵی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی له ئەفسەران و سەرجەم پلەداره‌کان و رۆڵه‌كانی سوپادا بەرز نرخاند كه له پێناوی پاراستنی ئاسایش و گیانی هاووڵاتییان قوربانی گه‌وره‌یان داوه.
هاوکات ته‌ئكیدیشی كرده‌وه لە گرینگی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بۆ ڕێگری‌کردن لە دزەکردنی تیرۆریستان و دانانی سنوورێك بۆ بازرگانی ماددە هۆشبەره‌كان و شوێنپێهه‌ڵگرتنی تاوانباران.
د. شاخه‌وان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه پێویسته هاوکاری و هەماهەنگی نێوان سوپای فیدراڵی و هێزه‌كانی پێشمەرگە تەواوبكرێت و بۆشاییە ئه‌منییه‌کان پڕبکرێنه‌وه.
بارودۆخی ئەمنی شنگال و ڕێگه‌چاره‌ی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچه‌كه به‌شێك بوون له ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه و داواكرا خزمەتگوزاری پێشكه‌ش به‌هاووڵاتییان بكرێت و گوتیشی كه پێویسته ئه‌رك و كاره‌كان به‌پێی قه‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌كان دووباره هه‌ڵسه‌نگێنینه‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئەنجوومەنی نوێنەران به یاسا پشتگیری و پشتیوانی دامه‌زراوه‌ی سەربازی و ئه‌منی دەکات له‌پێناو ته‌رخانكردنی دارایی بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی توانای شەڕکردنیان و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان لەچوارچێوه‌ی پاراستنی ئاسایش و سەپاندنی سەروەری یاسا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.