Erbil 38°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 03:16

حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان : ئەمساڵ دوو هەزار و 120 كەس گەشتی حەج دەكەن

کوردستان TV
100%

 شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ،بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنی وەرزی حەجی ئەمساڵ لە كۆتاییەكانی نزیكبووەتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە ئامادەكارییەكان وەكو مامەڵەی هاووڵاتییان، زۆر بەشێوەیەكی خێرا بەڕێوەدەچێت، چونكە زۆر درەنگ بڕیاری گەشتی حەج درا بۆ ئەمساڵ لەلایەن وڵاتی سعوودیە، بۆیە هەموو هەوڵەكانمان خستووەتەگەڕ كە فەریزەی حەج لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
هەروەها  گوتی: ئەمساڵ رێژەی چوونی حاجییان سەدا 43ی ساڵانی پێشووە، واتا ئەمساڵ دوو هەزار و 120 حاجی پشكی هەرێمی كوردستانە كە سەفەری حەج دەكەن، ساڵانی پێشوو رێژەكە زیاتر بووە، دابەزینی رێژەكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە، چونكە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا سعوودیە تەنیا رێگای بە 15 هەزار كەس دا لەناوخۆی وڵات كە فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن و لە ساڵی دواتر رێگای بە 60 هەزار كەس دا، لەو ژمارەیەش 15 هەزار بۆ ناوخۆی وڵات و 45 هەزار كەسیش بۆ وڵاتی دیكە كە موقیمن لەوێ، بەڵام ئەمساڵ رێژەكەی بەرزكردەوە بۆ یەك ملیۆن كەس، لەو ژمارەیەش 150 هەزار بۆ ناوخۆ و 850 هەزار كەسیش بۆ وڵاتانی دونیا.
هەروەها شێخ نیاز راغب نەقشبەندی  سەبارەت تێچووی سەفەری حەج بەراورد بە ساڵانی پێشووتر،گوتی: هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە كوالێتی خزمەتگوزارییەكان باشترن و نرخی بلیتی فڕۆكەش لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان گرانترە بەراورد بە فڕۆكەخانەكانی عێراق و لەمبارەیەوە دەڵێت "ئێستا هەموو پێداویستییەكان جێبەجێ كراوە، ماوەی دوو هەفتە لە سعوودیە بووین بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی وەك خواردن، شوێنی مانەوە، دابینكردنی هۆیەكانی گواستنەوەی حاجییان و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی و دەرمان، هەروەها تێچووی سەفەری هەر حاجییەك چوار هەزار و 700 دۆلارە، تێچووەكە لە سەرانسەری دونیا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەرچەندە تێچوو لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی میسر، توركیا، فەڵەستین، مەغریب و مالیزیا كەمترە، بەڵام بەراورد بە عێراق تێچووەكە زیاترە، هۆكارەكەیشی بریتییە لەوەی كە كوالێتی خزمەتگوزارییەكانی ئێمە لە دابینكردنی شوێنی مانەوە و خواردن لە عێراق باشترە، هەروەها بلیتی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی نرخەكەی گرانترە بەراورد بە فڕۆكەخانەكانی عێراق".
گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ 45 كۆمپانیا لە رێگای ئەنجامدانی تیروپشكێكی ئاشكرا، ئەركیان گواستنەوەی حاجییەكان دەبێت بۆ سەفەری حەج و لە رۆژی 15ی حوزەیرانیش یەكەم كاروانی حاجییان بەرەو وڵاتی سعوودیە بەڕێدەكەون.
لەبارەی رێكارە تەندروستییەكانیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند : ئەو كەسەی سەفەری حەج دەكات، مەرجە دوو ڤاكسینی وەرگرتبێت، هەروەها دەبێت ئەنجامی پشكنینی "PCR"ی لەلابێت كە 72 كاتژمێری بەسەردا تێنەپەڕی بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.