دووپشك زیاتر لە 1500 جۆری هەیە بەڵام تەنها 30 جۆریان ژەهرەکەیان مەترسیدارە. لەكاتی پێوەدانیدا بۆ مرۆڤ منداڵ و بە ساڵاچوو مەترسیان زیاتر لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
نیشانەکانی پێوەدانی دووپشک:
زۆربەی کات تەنها هەندێک نیشانەیان ئەبێت لە شوێنی پێوەدانی دووپشکەکەدا بۆ نمونە وەک ئازار لە شوێنی گەستنەکە کە لەوانەیە توند بێت یان سڕبوون و مێروولەکردن لە شوێنی گەستنەکە یاخود لەوانەیە هەندێکجار ئاوسانێکی کەم لە دەوروبەری شوێنی گەستنەکە ببینرێت.
بەڵام لەوانەیە هەندێکجار نیشانەی مەترسیدار ببینین لە ئەنجامی کاریگەری بڵاوبونەوەی ژەهرەکە بەناو لەشدا وەک:
1- هەناسەدان بە گرانی.
2- گرژبونی بە ئازاری ماسولکە.
3- جوڵەی نائاسایی سەر و مل و چاو.
4- لیک هاتنەخوارەوە بە دەمدا.
5- ئاڕەقکردنەوەی زۆر.
6- ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.
7- فشاری خوێن بەرز ئەبێتەوە.
8- لێدانی دڵی خێرا ئەبێت و هەندێکجار ناڕێک ئەبێت.
9- گریانێکی زۆر و ناڕەحەتیەکی زۆر لە منداڵدا.
لە کاتی بوونی ئەو نیشانانەدا پێویستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بكرێت بۆ پاراستنی ژیانی كەسەكە.
لە کاتی پێوەدانی دووپشک پێویستە چی بکەین؟
1- پاککردنەوەی شوێنی گەستنەکە بە ئاوو سابونێکی کەم.
2- بەکارهێنانی سەهۆڵ بۆ شوێنی گەستنەکە بۆ ماوەی 10 دەقیقە و دواتر لابردنی سەهۆڵەکە بۆ ماوەی10 دەقیقە و دواتر دانانەوەی سەهۆڵەکە لە شوێنی گەستنەکە بە هەمان شێوەی پێشووتر.
3- ئەگەر هەستت بە ناڕەحەتی پڕۆسەی قوتدان کرد تکایە نە خواردن نە شلەمەنی مەخۆ.
4- ئەگەر ئازاری زۆر بوو ئەتوانیت دەرمانێکی ئازار شکێن بە کار بهێنیت بەڵام بە ڕێنمایی پزیشکی منداڵان.
ژێدهر- تەندروستی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.